۱۳۹۵/۰۸/۲۵


سەرۆکی ژووری بازرگانی: گەندەڵی و داتەپین تەنیا ٢ نموونە لە کێشە ئابوورییەکانمانن

سەرۆکی ژووری بازرگانی: گەندەڵی و داتەپین تەنیا ٢ نموونە لە کێشە ئابوورییەکانمانن

کوردستان میدیا: غوڵامحسەین شافێعی لە دانیشتنێکدا لەگەڵ لێژنەی نوێنەرانی ژووری بازرگانیی ئێران باسی لە زۆر و زەوەندیی کێشە ئابوورییەکان کرد کە تەنیا ناوی ٢ نموونەیان زەق کراونەتەوە.
ڕۆژنامەی "ابرار اقتصادی" لە ڕاپۆرتەهەواڵێکدا باسی لە قسەکانی ناوبراو کردووە و نووسیویەتی: بە وتەی سەرۆکی ژووری بازرگانیی ئێران، ڕوانینی کورتخایەن بۆ پرسەکانی دەوروبەرمان، ڕێکاری کورتخایەنیشی لێدەکەوێتەوە؛ ئێمە لە ڕابردوودا بەمشێوەیە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانمان داوە بۆیە نەمانتوانیوە وەک پێویست چارەسەری گرفتەکان بکەین.

شافێعی وتوویەتی: وێڕای داتەپین و گەندەڵی، دەبێ ئاماژە بەم کێشە و گرفتانەش بکەین کە پێکەوە ئابوورییەکەمان پێکدەهێنن: سنوورداربوونی پێوەندییە بانکییەکان، بێکاریی بەربڵاو، دابەش کردنی نایەکسانی داهاتەکان، نەبوونی بەرنامە و پلانی تۆکمە، کەمی یان نەبوونی سەرمایەی بەرهەمهێنەر، پێکهاتەی نەگونجاوی ئابووری، ناوەندگەرایی، کارانەبوونی سیستمی دراو و نەبوونی هاوئاهەنگی و هاوکاری کەرتە ئابوورییەکان.

بە وتەی ناوبراو، گەندەڵی کە هەنووکە هەموو کەلێن و قوژبنەکانی ئابووریی ئێرانی تەنیوەتەوە، بە ٢ هۆکاری نەبوونی یاسا و ڕێسای ڕوون و دابەش نەکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات و هێز دێنە ئاراوە.

ناوبراو لەمبارەوە بەشی سەرەکیی تاوانەکانی خستە ئەستۆی دەزگای داد و وتی: ئەگەر دامەزراوەکانی قەزایی ئێمە کارامە و لێهاتوو و سەربەخۆ بوایەتن ڕەنگە بەمشێوەیە شاهێدی بەرهەم هاتنی گەندەڵی نەدەبووین.