ئەندامانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە سووریه بە کۆمەڵ دەکوژرێن

کوردستان میدیا: ئەندامانی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە شەڕ و پێکدادانەکانی سووریەدا بە کۆمەڵ دەکوژرێن.
بەپێی ڕاپۆڕتە بڵاوکراوەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەیان کەس لە ئەندامانی سپای پاسداران لە شەڕی سووریهدا کوژراون و وڵاتی سووریه بووەتە گۆڕستانی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە.
تەلەفزیۆنی ئۆپۆزیسیۆنی سووریه لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردوەوە کە؛ ئۆپۆزیسیۆنی سووریه لە شوێنێک بە ناوی "ضاحیە اسد" لە ڕۆژئاوای شاری حەلەب بە موشەکی "تاو" میلیشیاکانی ڕێژیمی ئێرانیان پێکاوە و لە ئەنجامدا دەیان کەس کوژران".
هەروەها ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی، ٩ کەس لە ئەندامانی سپای پاسداران لە سووریە کوژراون کە هەندێک لەو کەسانە منداڵانی ژێر تەمەنی یاسایی بوون.
ماڵپەڕی "گزارش جنگ" لەو بارەیەوە بڵاوی کردبووەوە کە؛ ڕێژیمی ئێران منداڵانی ژێر تەمەنی یاسایی لەژێر ناوی تیپی فاتمیوون بۆ سووریه دەنێرت.
لەو پێوەندییەدا تەلەفزیۆنی "الجزیره" باسی لەوە کرد کە؛ ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی، ٣ ئەندامی سپای ڕێژیمی ئێران لە سووریە کوژراون و یەکێک لە کوژراوەکان ئەفسەری سپا بووە.
شوناسی ئەو ٣ پاسدارە تێرۆریستە "محەممەد حوسێن بەشیری، جەواد جەهانی و حوسێن حەریری" ڕاگەیاندراوە.
جەواد جەهانی یەکێک لە کارمەندانی دامەزراوەی فەرهەنگی هونەریی خوراسان بووە کە بە دەستی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەسەد کوژراوە.
هەر لەو پێوەندییەدا "مۆحسێن خەزائی" هەواڵنێری کاناڵی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی لە شەڕ و پێکدادانەکانی شاری حەلەب لە باکووری سووریه لە شوێنێک بە ناوی "تامر صندوق" بە هۆی ساچمەی خۆمپارەوە کوژرا.
لە ماوە یەک مانگی ڕابردوودا ٣٢٠ کەس لە ئەندامانی سپای پاسداران لە سووریه کوژراون.
ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە ڕێژیمی ئەسەد دەکات و لەو پێوەندییەشدا لە هەر کردەوەیەکی تێرۆریستی کەڵک وەردەگرێت و پەرە بە ئاڵۆزی و گرژییەکان دەدات.