۱۳۹۵/۰۸/۱۹


هەرێمی کوردستان سەبارەت بە لێدوانەکانی پاسدار یەحیا ڕەحیم سەفەوی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

هەرێمی کوردستان سەبارەت بە لێدوانەکانی پاسدار یەحیا ڕەحیم سەفەوی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

کوردستان میدیا: هەرێمی كوردستان وڵامی پاسداری ڕێژیم سەفەوی دایەوە و ڕایگەیاند "قسەكانی بێبنەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو شێوازە و ئەو جۆرە قسەكردنە بەهیچ شێوەیەک قبوڵ ناكات."
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی، حكومەتی هەرێمی كوردستان گوتە پووچەکانی ڕەحیم سەفەوی هاوکار و ڕاوێژکاری پلەبەرزی نیزامیی خامنەی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بە "ناڕێكوپێک و بۆچوونی نابەجێ دژی هەرێمی كوردستان و پارتی دێموكراتی كوردستان" لەقەڵەمدا و هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە سەرتاپای قسەكانی یەحیا ڕەحیم سەفەوی نادروست و بێنەمان، بۆیە ناتوانێ هیچ بەڵگەیەک بۆ ڕاستیی گوتەكانی بخاتە ڕوو، حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە" تەحەددا دەكەین ناوبراو یەک بەڵگەی هەبێت كە هەرێمی كوردستان لە هەر ڕێگەیەكەوە هەڕەشەی بۆ سەر كۆماری ئیسلامی دروست كردبێت".

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە کە دووپاتی دەكەینەوە كە ئێمە بەهیچ شێوەیەک ئەو جۆرە مامەڵەكردنە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا لە هیچ لایەك قبوڵ ناكەین و جێگەی داخە بەرپرسێكی وڵاتێكی دراوسێ بەم شێوە ناشیاوە بوختان و قسەی ناڕاست ئاراستەی هەرێمی كوردستان دەكات.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها لەو ڕاگەیەندراوەدا بڵاوی کردووەتەوە کە " ئەوە جاری یەكەم نییە كە كەسانی وەک یەحیا ڕەحیم سەفەوی قسە و هەڕەشەی بەو جۆرە دەكەن، لەبەر ئەوەش داوا دەكەین كە سنوورێک بۆ ئەو شێوازە قسە و هەڕەشانە دابنرێت، چونكە هەرێمی كوردستان بەهیچ شێوەیەک ئەو جۆرە مامەڵەیە قبوڵ ناكات."

سەرلەشکری پاسدار یەحیا ڕەحیم سەفەوی هاوکار و ڕاوێژکاری پلەبەرزی نیزامیی خامنەیی، لە پرێس‌کۆنفڕانسێکدا لە گردبوونەوەی نێونەتەوەیی قەیرانە ژێئۆپۆلیتیکیەکانی جیهانی ئیسلام، کە سەر لە بەیانیی ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەر سەفەوی لە لێدوانێکی وەهماویدا وێڕای دەرخستنی ترس و تۆقین لە ڕاسانی ڕۆژهەڵات، گوتی؛ "بارزانییەکان ڕێگە بە کۆنسولگەریی سعوودییەکان دەدەن چەکوچۆڵ بە دژە شۆڕشەکان بدەن و لەو پێوەندییەدا هۆشداریان پێدەدەین".

ئەو قسە بێ بنەمایەی پاسداری ڕێژیم یەحیا ڕەحیم سەفەوی نیشاندەری ترسی رژیم لە راسانی رۆژهەڵاتە.