۱۳۹۵/۰۸/۱۹


داعش لە موسڵ چەکی شیمیایی بەکار هێناوە

داعش لە موسڵ چەکی شیمیایی بەکار هێناوە

کوردستان میدیا: گرووپی تیرۆریستیی داعش بە مەبەستی ترس و تۆقاندن لە مەیدانەکانی شەڕدا لە شەڕی موسڵ دژی پێشمەرگە، کەڵکی لە چەکی شیمیایی لە جۆری گازی "خەردەل" وەرگرتووە.
مەسرور بارزانی ڕاوێژکاری ئەمنییەتی هەرێمی کوردستان، ڕێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی، ڕایگەیاند کە گرووپی تیرۆریستی داعش لە شەڕی دژی پێشمەرگە لە موسڵدا چەکی شیمیایی بەکار هێناوە.
هەروەها وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان پێشتر ڕایگەیاندبوو که تاقیکردنەوەی خوێنی پێشمەرگەکانی بەرەی شەڕ دژی داعش، پیشان داوه کە گرووپی تیرۆریستیی "خلافەتی ئیسلامی" ناسراو بە داعش لە شەڕەکانی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا لە تەقەمەنییەک کەڵکی وەرگرتووە کە گازی خەردەلی پێوە بووە.

لە دوای شەڕ و پێکدادانی توند لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگه و ئەرتەشی عێراق دژ بە ئەندامانی ڕێکخراوی تێرۆریستیی داعش بەشێكی زۆر لە ئەندامانی ئەو گرووپە تێرۆریستییە کوژران و بەشێکی زۆر له ناوچەکە لە دەستی داعش ئازاد کرا.

داعش بۆ بەرەنگاربوونەوە دژی هێزەکانی پێشمەرگه و ئەرتەشی عێراق لە هاووڵاتییانی مەدەنی وەک قەڵغانی مرۆیی کەڵک وەردەگرێت.

ئۆپراسیۆنی ڕزگارکردنی موسڵ لە دەستی داعش ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی٢٦ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، بەرانبەر بە ١٧ی ئۆکتۆبری ٢٠١٦ی دەستی پێکرد کە لەو ئۆپراسیۆنەدا زیاتر لە ٤ هەزار پێشمەرگە بەشدارن و هەروەها فرۆکەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پاڵپشتیی ئاسمانیی ئەو ئۆپراسیۆنه دەکەن.

لەو پێوەندییەدا هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان شاری باشیکیان لە ئۆپراسیۆنێکدا بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵ کردەوە و ئەو ئۆپراسیۆنەش تا لەناوبردنی داعش درێژە دەبێت.