۱۳۹۵/۰۸/۲۲


سەرکەوتنی تڕامپ ترسی خستۆتە دڵی سەرانی کۆماری ئیسلامییەوە

سەرکەوتنی تڕامپ ترسی خستۆتە دڵی سەرانی کۆماری ئیسلامییەوە

کوردستان میدیا: تەنیا چەند کاتژمێر پاش ڕاگەیاندنی ئاکامی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری ئامریکا، گەورەلێپرسراوانی کۆماری ئیسلامی هاتنە گۆ.
سەرکۆمار، وەزیری دەرەوە، سەرۆکی شورای بەرزی ئەمنیەتی نەتەوەیی و بەشێکی بەرچاو لە لێپرسراوانی ڕیژیمی تاران پاش سەرکەوتنی تڕامپ لە هەڵبژاردنەکانی ئامریکا بە ترس و دڵەراوکێوە باسیان لەم ئەنجامە کرد.

حەسەن روحانی ئاکامی هەڵبژاردنەکانی ئامریکای بە هێمایەک بۆ هەبوونی "ئاڵۆزی لە کۆمەڵگای ئامریکا و نەبوونی سەقامگیری نێوخۆیی" گەڕاندەوە و وتی:دەرەنجامی ئەم هەڵبژاردنە هەر شتێک بێت بۆ ئێمە گرینگ نییە و ناتوانێ کاریگەری لەسەر ئێمە هەبێ!

بەپێچەوانەی ڕوحانی، جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی تاران لەمبارەوە لە بۆخارێستدا بە هەواڵدەرییەکانی وت: بۆ ئێمە گرینگ ئەوەیە کە سەرکۆماری داهاتووی ئامریکا پێبەند بێت بە ڕێککەوتن نامەی ناوکییەوە.

عەلی شەمخانیش وەک سەرۆکی شورای بەرزی ئەمنیەتی نەتەوەیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە هەواڵدەریی ئیسنای گوتووە هێشتا ناتوانین بەراوردێکی باش لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئامریکا بکەین.

عەلی خامنەییش وەک شەخسی یەکەمی کۆماری ئیسلامی کاردانەوەیەکی جیاوازتری هەبوو و وتی: بایەخە مرۆییەکان لە ئامریکادا لەنێوچوون و پێشێل کراون!

ئەم ترس و دڵەڕاوکێ زیاتر لە هەمووان لە قسەکانی هاشمی ڕەفسەنجانیدا دەردەکەوێت کە بە ڕۆژنامەی "آرمان امروز"ی وتووە: تڕامپ "شەڕئەنگێزێکی مەترسیدارە" کە پێبەندی هیچ یاسا و ڕێسایەک نییە و بە ئاسانی لە ژێر پێیان دەنێ.

ترس لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئامریکا زیاتر لەوەڕا سەرچاوە دەگرێ کە تڕامپ لە پڕوپاگەندەکانیدا کۆماری ئیسلامی بە یەکێک لە ئەندامانی بەرەی تێرۆریزم لەقەڵەم دابوو و هەروەها بەڵێنی دابوو کە پاش گرتنە دەستی دەسەڵات لە ئامریکا هەوڵ بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەرجام دەدات.