پێنتاگۆن هۆشداری بە ڕێژیمی ئێران دا

کوردستان میدیا: ناوەند و مەقەڕی فەرماندەیی وەزارەتی بەرگریی ئامریکا، پێنتاگۆن سەبارەت بە قسە بێ بنەماکانی پاسداری تێرۆریست فیروزئابادی هۆشداری بە ناوبراو دا.
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٩ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی، پیتێر کۆک وتەبێژی پێنتاگۆن سەبارەت بە قسەکانی حەسەن فیروزئابادی سەرۆکی پێشووی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران هەڵوێستی توندی گرتەبەر و هۆشداری بە ناوبراو دا.
پاسداری تێرۆریست فیروزئابادی باسی لەوە کردبوو کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئێران داعشیان لە خاکی عێراقدا تۆپباران کردووە و ئەوەش دژکردەوەی پێنتاگۆنی لێکەوتەوە.
ئەو پاسدارەی ڕێژیمی ئێران هەروەها باسی لەوە کردبوو کە دوای هێرشی داعش بۆ بەغدا و گەیشتن بە سنووری ٤٠ کیلۆمیتریی ئێران نیزامییەکانی ئێران بە فڕۆکەی شەڕکەر تێکیان شکاندن.
کۆک وێڕای وەدرۆخستنەوەی قسەکانی پاسدار فیروزئابادی گوتی کە هیچ ڕاپۆرتێکم لەو بارەیەوە نەدیتووە و نەبیستووە کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئێران لەوێ هێرشیان کردبێتە سەر داعش چونکە ئەوێ خاکی عێراقە و دەسەڵاتی ئەو وڵاتە لەوێ بڕیار دەدات.
هەروەها لەبارەی سووریەوە گوتی کە لەوێ هاوکێشەکان جیاوازن چونکە هاوپەیمانانی ئامریکا لە ئاستێکی باش دان و ئامریکاش پشتیوانیان لێ دەکات.
پاسدار فیروزئابادی لە ساڵی ١٣٦٨ تا مانگی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی فەرماندەی "ستاد فرماندهی کل قوا" بوو دواتر ناوی ئەو ستادە بۆ "ستاد کل نیروهای مسلح" گۆڕدرا. ناوبراو دوای خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران دووهەمین کەسی دەسەڵاتدارە لەم ستادەدا.
یەکیەتیی ئورووپا پاسداری جەنایەتکار فیروزئابادی بە هۆی پێشێلکردنی بەربڵاو و توندی مافی مرۆڤ بە تایبەت کەمینە ئایینیەکان سزا داوە و هەروەها لە سەفەر بۆ ئورووپا قەدەغە کراوە و داراییەکانیشی دەستی بەسەر داگیراوە.
هەر لەم پێوەندییەدا ڕۆژی سێشەممەش ڕێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتە پووچەکانی ڕەحیم سەفەوی هاوکار و ڕاوێژکاری پلەبەرزی نیزامیی خامنەی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بە "ناڕێكوپێک و بۆچوونی نابەجێ دژی هەرێمی كوردستان و پارتی دێموكراتی كوردستان" لەقەڵەمدا.
دوای ئەوەیکە پاسدار سەفەوی لە قسەکانیدا گوتبووی کەپێوەندی ئێران لەگەڵ یەکیەتیی نیشتمانی باشه، بەڵام لەگەڵ پارتی دێموکرات باش نیە، پاسدار شەریف ئەو ئیدعای ناوبراوی وەدرۆ خستوەتەوە و گوتی کە پێوندی ئێران لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت پارتی و یەکیەتی باشە و دەسکەوتی باشیشمان هەبووە!
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرپرسانی نیزامیی ڕێژیمی ئێران بەردەوام لێدوانی سەیر و سەمەرە دەدەن و یەکتر وە درۆ دەخەنەوە.