ڕاوێژكاری ترامپ: بە ڕێككەوتنی ئەتۆمیدا دەچینەوە

كوردستان میدیا: وەلید فارێس، ڕاوێژكاری دۆناڵد ترامپ دەڵێ ڕێككەوتننامەی ناوكی لەگەڵ ئێران، جێگەی پەسەندی سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریكا نیە و كۆنگرێسیش واژۆی نەكردووە.
بە گوێرەی هەواڵی ئەلعەرەبیە، وەلید فارێس لە وتووێژێكدا لەگەڵ ماڵپەڕی "ئیلاف" سەبارەت بە پێوەندییەكانی ترامپ لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەكانی كەنداو گوتی: "ترامپ لە بەرانبەر دوو هەڕەشەدا پشتیوانی لە كەنداو دەكات، یەكەمیان داعشی توندئاژۆ و دووهەمیان دەستێوەردانی ئێران لە كاروباری وڵاتانی كەنداودا".
فارێس وێڕای ئاماژە بە ڕوانگەی ترامپ سەبارەت بە دەستێوەردانی ئێران لە عێراق و سووریەدا وتی: "ئەو بە تەواوی دژی هەبوونی پاسدار و جیهادییەكان لە چوارگۆشەی ناوچەكەدایە و پێی وایە دەبێ كۆتایی بەو دۆخە بهێنرێت".
وەلید فارێس سەبارەت بە بۆچوونی ترامپ سەبارەت بە ڕێككەوتننامەی ناوكی لەگەڵ ئێران و هەنگاوەكانی داهاتووی لەو پێوەندییەدا وتی: "ڕێككەوتننامەی ناوكی لە لایەن ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە واژۆ كراوە، بەڵام كۆنگرێسی ئەمریكا كە لە بنەڕەتدا دژی ئەو ڕێككەوتنەیە، واژۆی نەكردووە".
ناوبراو هەروەها وتی: "ڕێگای جۆراوجۆر بۆ هەڵوەشاندنەوە یا پێداچوونەوە بە ڕێككەوتننامەی ناوكیدا لە بەردەستدان. پێویست ناكات گوێ بدەینە لێدوانەكانی ڕێژیمی ئێران كە دەڵێ ئەو ڕێككەوتنە واژۆ كراوە. ڕێككەوتننامەی زۆر هەبووە كە واژۆ كراوە، بەڵام دواتر ئاڵوگۆڕی بە سەردا هاتووە".
دۆناڵد ترامپ كە پاڵێوراوی پارتی كۆماریخوازی ئەمریكا بۆ هەڵبژاردنی ئەم دواییانەی سەرۆك كۆماریی ئەمریكا بوو، لە ڕەوتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان و لە دانیشتنی ساڵانەی كومیتەی پێوەندییە گشتییەكانی ئەمریكا و ئیسراییل (ئایپەك"دا گوتبووی یەكەمین كاری پاش سەركەوتن لە هەڵبژاردندا، هەڵوەشاندنەوەی ڕێككەوتنی ناوكی لەگەڵ ئێران دەبێت.