۱۳۹۵/۰۸/۲۲


ترامپ یەكەمین گلۆپی سووری بۆ بناژۆخوازە ئیسلامییەكان هەڵكرد

ترامپ یەكەمین گلۆپی سووری بۆ بناژۆخوازە ئیسلامییەكان هەڵكرد

كوردستان میدیا: ڕاوێژكاری "دۆناڵد ترامپ" سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریكا، باس لە هەوڵی ناوبراو لەمەڕ دانانی ناوی ئیخوانولموسلمین لە ڕیزی گرووپە تیرۆریستییەكاندا دەكات.
بە گوێرەی هەواڵی تەلەڤیزیۆنی حكوومەتیی ئەلعالەم، وەلید فارێس لە یەكەمین لێدوانی خۆی پاش سەركەوتنی ترامپ لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆك كۆماریدا ڕایگەیاند: "ترامپ دەیهەوێ ڕەشنووسی یاسایەك بۆ ڕاگەیاندنی ناوی ئیخوانولموسلمین وەكوو ڕێكخراوێكی تیرۆریستی وە گەڕ بخاتەوە".

فارێس هەروەها ڕایگەیاند: "ئەو ڕەشنووسە بە هۆی پەسەند نەكرانی لە لایەن كۆشكی سپیەوە، چەندین ساڵ لە كۆنگرێسدا هەڵپەسێردرابوو، چوونكە باراك ئۆباما دژی بەیاساكردنی بوو".

فارێس لە درێژەدا وتی: "ترامپ ئیخوانولموسلمین بە ڕێكخراوێكی تیرۆریستیی مەترسیدار دەزانێت كە پاڵپشتیی بیرۆكەی توندڕەوی دەكات، هەر بۆیە دەیهەوێ بە شێوەی سەربازی بەرەوڕووی ببێتەوە، نەك وەكوو هیلاری كلینتۆن و ئۆباما كە تەنیا هەوڵیان بۆ تەریكخستنی سیاسیی ئەو گرووپە دەدا".

بە باوەڕی چاوەدێرانی سیاسی، ئەگەری ئەوە هەیە كە حكوومەتی داهاتووی ئەمریكا بەرانبەر بە ڕێكخراوی تیرۆریستیی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانیش هەڵوێستێكی هاوشێوە بگرێت.