۱۳۹۵/۰۸/۲۲


بەرجام بەرەو جامی ژەهر هەنگاو دەنێت

بەرجام بەرەو جامی ژەهر هەنگاو دەنێت

کوردستان میدیا: محەممەدجەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران گوتی ئەگەر ڕێککەوتنامەی ناوکی هەڵوەشێندرێتەوە ئێمەش بژاردەی دیکەمان لە بەر دەست دایه.
دۆنالد ترامپ لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا باسی لەوە کرد کە ڕێککەوتنامەی ناوکی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەڵدەوشێنمەوە ئەوەش نیگەرانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەتایبەت عەلی خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی لێکەوتەوە.

زەریف باسی لەوە کردووە کە ئامریکا دەبێت پابەند بە ڕێککەوتننامەی ناوکی بێت و ئەو ڕێککەوتنامەیە بەڵگەیەک نیە کە لایەنێک بە تەنیا هەڵیوەشێنێتەوە لە غەیری ئەوەدا ئێمه بژاردەی دیکەمان لە بەر دەست دایە.

ترامپ ڕێککەوتنی ناوکی بە "کارەسات" لە قەڵەم داوە و ڕایگەیاند کە "خراپترین ڕێککەوتنێک بووە کە تا ئێستا واژۆ کراوە" و ئەوەش "هۆلۆکاستی ئەتۆمی" لێ دەکەوێتەوە.

خامنەیی باسی لەوە کردبوو ئەگەر ترامپ ڕێککەوتننامەی ناوکی هەڵوەشێنێتەوە من ئاگری تێبەر دەدەم.

ئەو قسە و لێدوانانەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە کاتێک دایه کە ماڕک تۆنێر وتەبێژی وەزارەتی کار و باری دەرەوەی ئامریکا باسی لەوە کردووە کە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەی ناوکی لە لایەن ترامپەوە لە ئارادا هەیە.

لەو پێوەندییەدا جاش ئێرنێست وتەبێژی کۆشکی سپی باسی لەوە کردووە کە ئێمە تا ڕێکەوتی ٢٠ی ژانویە پابەند بە ڕێککەوتنی ناوکی هەین بەڵام دواتر ترامپ لە بارەی بەرجام بڕیار دەدات.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە دوای سەرکەوتنی ترامپ وەک سەرکۆماری ئامریکا هەڵوێست و لێداونی جیاواز دەدەن.