ئیسرائیل ڕێژیمی ئێرانی مەترسیدار وەسف کرد

کوردستان میدیا: دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریه و پشتیوانی لە ڕێژیمی ئەسەد شەڕی نێوخۆیی سووریەی بڵێسەدارتر کردووە.
بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتن لەگەڵ دیمیتری مێدوێدۆف سەرۆک وەزیرانی ڕووسیە لە بەیتولموقەدەس لە بارەی دۆخی سووریه و ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران قسەیان کرد.
نتانیاهۆ لەو دیدارەدا بۆ جارێکی دیکەش جەختی کردەوە کە ئێرانی ئەتۆمی مەترسیدارە و هەروەها لە سەر دەستێوەردانەکانی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەکەدا جەختی کردەوە.
دەفتەری سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە ڕاگەیەیندراێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە ئێمە لێبڕاوانە لەگەڵ جێگربوونی نیزامیی ئێران لە سووریە ناڕازین و پێش بەو کارە دەگرین.
ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی، سەرلەشکری ڕێژیمی تێرۆریست محەممەدحوسێن باقری، سەرۆکی ستادی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کرد کە ئەو ڕێژیمە لە سووریه پڕۆژەی هاوبەشیی دروستکردنی مووشەک دەست پێ دەکات و دژی وڵاتی ئیسرائیل بەکاری دێنێت.
باقری هەروەها باسی لەوە کردووە کە لەو پڕۆژەیەدا کەڵک له موشەکەکانی شەڕی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل کە ساڵی ٢٠٠٦ ڕووی دا، وەرگیراوە.
بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران سەرەرای هۆشداریی وڵاتانی ناوچە و ڕۆژئاوایی بەردەوام درێژە به پشیتوانی نیزامیی و ماددی لە ڕێژیمی ئەسەد دەدەن و ئەوەش لە کاتێک دایە کە بەرپرسانی ڕێژیم نیسبەت بە تێچووی زۆری ئەو شەڕە نیابەتیە هۆشداریان داوە.
تا ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزەکانی سپای تێرۆریستی ڕێژیمی ئێران لە شەڕی سووریەدا کوژراون.
کارناسان باس لەوە دەکەن کە؛ ڕێژیمی ئێران سەرەڕای ئەوەیکە تێچوویەکی زۆری ماڵیی لە سووریە خەرج کردووە و دەیکات، بەڵام بە دەستێوەردانی بەرینی تورکیە و ڕووسیە، ڕۆڵی ئێران لەو وڵاتەدا کەم بووەتەوە، ئەوەش مەترسییەکە لەسەر بەرژەوەندییەکانی تاران و دۆڕانی خامنەیی.