۱۳۹۵/۰۸/۱۹


هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری ئامریکا

هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری ئامریکا

کوردستان میدیا: ٥٨ەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ئەمڕۆ ٣شەممە ڕێکەوتی ١٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی بەرامبەر لەگەڵ ٨ی نۆڤابری ٢٠١٦ی زایینی لە ٥٠هەرێمی ئەم وڵاتە و واشینگتۆن دی سی بۆ هەڵبژاردنی ٤٥ەمین سەرکۆمار بەڕێوە دەچێ کە بەهۆیەوە یەکێک لە بەربژێرەکان دەبنە ڕێبەری وڵاتێک کە خاوەنی ٢٥%ی کۆی بەرهەمهێنانی ناخالسی جیهانی و بەهێزترین هێزی سەربازی دونیایە.
بەپێی یاساکانی ئامریکا، لە هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریدا دەنگی هەر هاووڵاتییەکی ئامریکایی لەباتی ئەوەیکە ڕاستەوخۆ بە کاندیداتۆرەکان بدرێت دەدرێ بە دەستەیەکی تایبەت بەناوی "کالێج ئێلێکتۆڕاڵ" (مجمع گزینندگان). 

کالێج ئێلێکتۆڕاڵ پێک دێت لە ڕێژەیەکی دیاریکراو لە نوێنەر و سێناتۆرەکانی هەرکام لە هەرێمەکان لە کۆنگرەی ئامریکا و لەڕاستیدا پڕۆسەیەکە لەنێوان هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی سەرکۆمار لەلایەن خەڵک و هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆی لە کۆنگرەی ئامریکادا.

ڕێژەی ئەم کەسانە لە هەر هەرێمێکدا بەستراوەتەوە بە ڕێژەی ئەندامەکانی ئەو هەرێمە لە کۆنگرەدا واتە ڕێژەی ئەندامانی مەجلیسی نوێنەران و سێناتۆرەکانی مەجلیس سەر بەو هەرێمە کە لە هەموو ئامریکادا بریتییە لە ٥٣٨ کەس جگە لە واشینگتۆن دی سی.

بەپێی ئەم یاسایە هەر کاندیدێکی سەرکۆماری بتوانێ لانیکەم دەنگی ٢٧٠ ئێلیکتۆڕاڵ وەدەست بێنێت، ئەگەر تەنانەت زۆرینەی خەڵکیش دەنگیان پێ نەدابێت ئەوا وەک سەرکۆمار هەڵدەبژێردرێت.

وڵاتی ئامریکا سێهەمین وڵاتی پڕحەشیمەتی(٣٢٣میلیۆن و ٦٢٥هەزار و ٧٦٢کەس) جیهان و سێهەمین وڵاتی جیهان لەباری پانتاییەوەیە (٩٨٣٣٥١٧ کیلۆمێتری چوارگۆشە)؛ لەباری جۆراوجۆری نژادییەوە یەکەمین وڵاتی جیهانە و بە بەرهەمی ناپاقژی نێوخۆیی ١٧ تریلیۆن دۆلاری لە ساڵدا بە گەورەترین ئابوریی جیهان دەناسرێت کە لە ساڵی ١٧٧٦ی زایینی لەسەر بنەمای سیستمی فیدڕاڵ دامەزرا و بەهۆی ئەم فاکتانەوە یەکێک لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی جیهان لە سیاسەتداڕێژی بە ئەژمار دێت.