دەستبەسەرکردنی ٦ کەس بە هۆی چاندنی ماریجوانا لە شاری ئەراک

کوردستان میدیا: بە تۆمەتی چاندن و بەرهەمهێنانی ماریجوانا لە شاری ئەراک ٦ کەس دەستبەسەر کران.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی ئێران، "عەلی ئەسغەر سوڵتانی" جێگری دادستانی ئەراک، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٧ی خەزەڵوەری١٣٩٥ی هەتاوی، باسی لە قۆڵبەست کردنی ٦ کەس بە تاوانی بەرهەمهێنانی ماری جوانا و ڕاگرتنی چەک، کردووە.
ناوبراو بە ئاماژە بە ئەم بابەتە، لە وتوووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەری "میزان" ڕایگەیاندووە: " ئەمە یەکەمجار نییە کە دۆسیەی لەم چەشنە دەبیندرێت و پەروەندەی چاندن و بەرهەمهینانی ماریجوانا، لە شارەکانی دیکەی ئەم پارێزگایەشدا بینراوە و کەوتووەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە".
لە ساڵانی ڕابردووشدا هەواڵی بەرهەمهێنانی ماریجوانا لە چەندین شاری ئێران و بەتایبەت لە نێو ئاپارتمانەکان بڵاو کرایەوە کە چالاکانی مەدەنی هێنایە سەر ئەو بڕوایە کە گرتنی ئەم باندانە و بڵاوکردنەوەی هەواڵەکەی لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتی و قەزاییەکانەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پشکی ئەوان لە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی ماددە سڕکەرەکان بە تاڵان براوە.
لە مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردووشدا" عەلی ڕزا پەریوەر"، جێگری کۆمەڵایەتیی هێزیی ئینتزامی پارێزگای کرمان، باسی لە مەترسیداربوونی ئاستیی بەرهەمهێنانی ماریجوانا کردبوو کە بە وتەی ناوبراو لە نێو گوڵدانیی ماڵەکان بەرهەم دەهێندرێن.
کارناسان و چالاکانی بواری خەبات بە دژی ماددە سڕکەرەکان لە ئێران سەبارەت بەم دیاردە مەترسیدارە دەڵێن یەکێک لە هۆکارە بنچینەییەکانی پەرەسەندنی چاندن و بەکارهێنان و فرۆشتنی ماددە سڕکەرەکان خودی حکومەتی کۆماری ئیسلامییە کە لە هەندێک شوێنی ئێراندا لە ڕێگەی دام و دەزگا ئەمنیەتی و نیزامییەکانەوە ئەنجام دەدرێت.