۱۳۹۵/۰۸/۲۴


دەوڵەتی یازدەیەم لە ٣٨مانگدا ٥٠٠هەزار میلیارد تمەن تێچووی هەبووە

دەوڵەتی یازدەیەم لە ٣٨مانگدا ٥٠٠هەزار میلیارد تمەن تێچووی هەبووە

کوردستان میدیا: لە ماوەی ٣٨مانگی ڕابردوودا دەوڵەتی یازدیەم زیاتر لە ٥٠٠ هەزار میلیارد تمەن تێچووی ڕۆژانەی هەبووە کە لە هەر مانگێکدا دەکاتە ١٦ هەزار میلیارد تمەن.
ڕۆژنامەی "جوان" لە نوێترین ژمارەی خۆیدا بە ڕێکەوتی ٢٣ی خەزەڵوەر ئاشکرای کرد لە حاڵێکدا کە نێونجی تێچووی مانگانەی دەوڵەتەکانی نۆیەم و دەیەم تەنیا ٥ هەزار میلیارد تمەن بووە، دەوڵەتی یازدەیەم ئەم ڕێکۆردەی شکاند و سنووری ١٦ هەزار میلیاردی بەزاند.

لە بەشێک لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە: ئەم تێچووانە لە حاڵێکدا بەمشێوەیە ڕەوتی هەڵکشانیان پێواوە کە کابینەی حەسەن ڕوحانی بەردەوام باسیان لە نەبوون و لاوازی سەرچاوەی ماڵی کردووە؛ ئێستا پێویستە لە حەسەن روحانی بپرسین کابینەکەی ئەم پارە کەڵانەی لە کوێ وەدەست هێناوە و چۆنە کە نەیانتوانیوە بەم پارە زۆر و زەوەندە قەرزەکانی دەوڵەت بدەنەوە؟

ئەم ئامارانە لەکاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە بەپێی دوایین ڕاپۆرتی بانکی ناوەندیی ڕێژیم دەوڵەتی یازدەیەم سەدان میلیارد تمەن قەرزداری کەرتە جۆربەجۆرەکان لەوانە بانکەکانە و ڕێژەی نەخدینەیی لە ئێران گەیشتۆتە یەک هەزار و ١٢٢ میلیارد تمەن.

بانکی ناوەندی دەڵێ: سەرچاوەی ئەم ٥٠٠ هەزار میلیارد تمەنە کە دەوڵەت بۆ کاروباری خۆی سەرفی کردووە بریتییە لە داهاتە ڕۆژانەکانی وڵات؛ بە واتایەکی تر دەوڵەتی یازدەیەم بەشی زۆری داهاتی وڵاتی بۆ تێچووە ڕۆژانەکانی خۆی تەرخان کردووە.