لاریجانی، پەردەی لەسەر دووڕووییەكانی ڕۆحانی هەڵدایەوە

كوردستان میدیا: سادق ئامولیی لاریجانی، سەرۆكی دەزگای قەزایی ڕێژیم، لێدوانەكانی سەركۆماری ڕێژیمی لە پیشانگای چاپەمەنییەكاندا بە "تۆمەت هەڵبەستن بۆ دەزگایی قەزایی" لە قەڵەم دا و حەسەن ڕۆحانیی بەوە تۆمەتبار كرد كە لە لایەكەوە بە شێوەی "زارەكی و نووسراو" داوا دەكات پێش بە هێندێك لە ڕۆژنامەكان بگیرێت و لە لایەكی دیكەوە لە بەرانبەر خەڵكدا خۆی وەكوو "لایەنگری ئازادیی ڕاگەیاندن و چاپەمەنییەكان" دەر دەخات.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی حكوومەتیی ئیرنا، سادق لاریجانی ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەزەڵوەر ڕایگەیاند، ڕۆحانی كاتێك كە دەڵێ "با قەڵەمەكان بە كۆمەڵێك بیانووی بێ بنەما نەشكێنین، یان دەمی خەڵك بە هۆی هێندێك بیانووی ناپێویست دانەخەین"، ڕووی قسەكانی لە دەزگای قەزاییە.
لاریجانی ئەو لێدوانانەی بە جۆرێك "تۆمەت هەڵبەستن و سووكایەتی" بە دەزگایی قەزایی و هەوڵدان بۆ لاوازكردنی ئەو دەزگایە لە قەڵەم دا.
ناوبراو هەروەها ڕوو لە سەركۆماری ڕێژیم وتی: "برای بەڕێزم! ئێوە بە زارەكی و بە نووسراوە، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ تا ئێستا چەندین جار گوتووتانە بۆچی پێش بە فڵانە ماڵپەڕ ناگیرێت، یان لە لای ڕێبەر گلەییتان كردووە كە بۆچی دەزگای قەزایی پێش بە فڵانە ڕۆژنامە ناگرێت. بەڵام ... لە نێو ڕۆژنامەوانان و میدیاكارەكاندا دروشمی ئازادیی ڕاگەیاندن دەدەن".