۱۳۹۵/۰۷/۱۳


گەورەترین نەخۆشخانەی حەلەب بۆردومان کرا

گەورەترین نەخۆشخانەی حەلەب بۆردومان کرا

کوردستان میدیا: لە درێژەی بۆردومانە هەواییەکانی ڕووسیە و سووریەدا، گەورەترین نەخۆشخانەی شاری حەلەب بە بۆمبی بەرمیلی خاپوور کرا.
هەواڵدەرییە جیهانییەکان بڵاویان کردەوە کە؛ سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەر، جارێکی دیکە فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕووسیە و سووریە پەلاماری شاری حەلەبیان دا کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیمی ئەسەددایە.

پزیشک و گرووپە یارمەتیدەرەکانی ناسراو بە کڵاو سپییەکان لەمبارەوە ڕایانگەیاندووە؛ تەنیا نەخۆشخانەی ئەم ناوچە کە بە یەکێک لە گەورەترین نەخۆشخانەکانی حەلەبیش دەناسرێ، بەهۆی بۆردومانەکانی ڕووسیە و سووریە بەتەواوەتی لەنێوچووە.

بەپێی دوایین هەواڵەکان لەپاش شکاندنی ئاگربەسی یەک حەوتوویی کە ڕۆژی ١٩ی سێپتامبر کۆتایی پێهات، لانیکەم ٥٠٠ کەس بەهۆی پەلامارەکانی ڕووسیە و سووریەوە کوژراون و زیاتر لە ١٦٠٠ کەسیش بریندار بوون.

دەستەی چاوەدێریی مافی مرۆڤی سووریەش لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە؛ بەهۆی هێرشە هەواییەکانی ڕووسیە بۆ سەر ئۆپۆزسیۆنی سووریە، لە یەک ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ٩٣٠٠ کەس کوژراون و هەزاران کەسیش بریندار و ئاوارە بوون، کە لەنێو ئەم کەسانەدا ٣٨٠٠ کەسیان خەڵکی مەدەنی بوون کە ٩٠٠ کەسیان لە توێژی منداڵانن.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، فەڕانسە و ئاڵمان وێڕای ڕەخنەگرتن لەم هێرشانە خوازیاری ڕاگرتنی ئەم پەلامارانە بوون؛ هەروەها سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم زنجیرە هێرشانەی بە "جینایەتی شەڕ" ناوزەد کرد.