ناڕەزایەتیی شارۆمەندانیی عەرەب لەمەڕ ئێعدامی دوو لاوی ئەهوازی

کوردستان میدیا: کۆمەڵێک لە شارۆمەندانی شاری ئەهواز، ناڕەزایەتیی خۆیان سەبارەت بە ئێعدامی دوو لاوی عەرەب دەربڕی و شەوی هەینی لە "کوی ئینقلاب" ی شاری ئەهواز، پاش داگیرساندنی ئاگر، بە دژی ڕێژیم دروشمیان داوە.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، شوناسی ئەم دوو گەنجە عەرەبە "عەدنان عەمووری" و "عەلی عەمووری" خەڵکی "قەلعە کەنعان"ی سەر بە ناوچەی باشووری شاری ئەهواز ڕاگەیەندراوە کە لە بەندیخانەی "گەوهەردەشت"ی کەرەج ڕۆژی چوارشەممە ٧ی ڕەزبەر، بە تاوانی "دزی چەکدارانە" و"تێکدانی تەناهی نەتەوەیی" لەسێدارە دراون.
ئەو دوو گەنجە لە ڕێکەوتی ١١ی ڕەشەمەی ١٣٩٢دا، لەگەڵ ٤ کەسی دیگە کە خەڵکی شاری تاران بوون قۆڵبەست کراون. ماڵپەڕی "تریبوونی دەنگی سێهەم" لە زاری کەسوکاری "عەمووری"ەوە بڵاویان کردووەتەوە کە؛ "هەڵاواردن لەهەموو بەشەکانی وڵاتدا بەرچاو دەکەوێت و تەنانەت لە کاتی ئەنجامی حوکمەکانیشدا ئەم جیاوازییە بەرچاوە، بۆچی عەلی و عەدنان ئێعدام کراون بەڵام دەستبەسەرکراوەکانیی دیکە هێشتا حوکمیان نەدراوە، چوونکە خەڵکی تارانن و عەرەب نیین"؟
هەروەها کەسوکاری ئەو دوو لاوە ئێعدام کراوە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیاندا گوتویانە؛ "سەبارەت بەو حوکمە ناڕەزایەتیمان دەربڕیوە، بەڵام گەندەڵی و فەساد لە هەموو ڕێکخراوەکانی سەر بە ڕێژیم درزی کردووە و ئێمەش توانای دانی پارەی زۆر و زەوەن بە دەڵاڵەکان و واستەکانمان نیە."