پرسی سووریە لە لۆزانیش چارەسەر نەكرا

كوردستان میدیا: كۆبوونەوەی نێونەتەوەیی لۆزان سەبارەت بە قەیرانی سووریە، بە بێ هیچ ئەنجامێكی ڕوون و یەكلاكەرەوە كۆتایی هات.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئاڵمان، ڕۆژی شەممە ١٥ی ئۆكتۆبر، دانیشتنی یەكڕۆژەی وەزیرانی كاروباری دەرەوەی وڵاتانی ئەمریكا، ڕووسیە، توركیە، قەتەر، عێراق، میسر، سعوودی، ئۆردۆن و بە ئامادەبوونی ستێفان دیمستۆرا، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری سووریە، لە شاری لۆزانی سووییس، بە بێ گەیشتنە هیچ ئەنجامێكی ڕوون، كۆتایی هات.
بڕیار وابوو وڵاتانی بەشداربوو لەو دانیشتنەدا، لە سەر پرسی ئاگربەست لە سووریە و بە تایبەتی لە سەر شاری حەلەب، ڕێك بكەون.
لە هەمان كاتدا، ڕێژیمی سووریە ڕایگەیاند لە دانیشتنی لۆزاندا لایەنەكان لەسەر "چەند خاڵێكی باش" لە پێوەندی لەگەڵ "چەند ئەگەرێك"دا گەیشتوونەتە ڕێككەوتن كە دەتوانێ ئاگربەستی لە سووریەدا لێ بكەوێتەوە.
هەروەها جان كێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریكاش لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاند ڕۆژی شەممە لە لۆزان سەرەڕای زاڵبوونی كەشێكی ئاڵۆز بە سەر دانیشتنەكەدا، "بەشێوەیەكی بەربڵاو پرۆژەكان و دەستپێشخەرییەكان" لە نێوان واشینگتۆن و مۆسكۆ و وڵاتانی شوێندانەر لە قەیرانی سووریەدا تاوتوێ كراون و لایەنەكان لە سەر درێژەدانی هەوڵەكانیان بۆ زیندووكردنەوەی ئاگربەست ڕێك كەوتوون.
ڕۆژی شەممە بۆ یەكەمجار پاش ڕاگرتنی وتووێژەكانی نێوانیان لە لایەن واشێنگتۆنەوە، وەزیرانی دەرەوەی ئەمریكا و ڕووسیە لە دیدارێكدا لە سەر پرسی سووریە وتووێژیان كرد.
شایانی باسە، هەر دوو وەزیر پێش بەشداربوونیان لە كۆبوونەوەكەدا، دیدار و چاوپێكەوتنیان لەگەڵ وەزیرانی كاروباری دەرەوەی سعوودی، ئۆردۆن، توركیە، میسر، عێراق و ئێران پێك هێنا.