۱۳۹۵/۰۷/۲۶


دژبەرانی بەشار ئەسەد گۆرزێکی سەربازی گەورەیان لە ڕووسیە و ئێران سرەواند

دژبەرانی بەشار ئەسەد گۆرزێکی سەربازی گەورەیان لە ڕووسیە و ئێران سرەواند

كوردستان میدیا: هێزەکانی ئەرتەشی ئازادی سووریە لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا، توانیان گۆرزێکی سەربازی گەورە لە هێزەکانی ڕووسیە و چەکدارانی سەر بە رێژیمی ئیسلامی ئێران لە پارێزگای "حەما" بوەشێنن.

ناوەندی هەواڵدەری "ئۆریێنت نیوز" لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە، ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی ڕۆژی، هێزەکانی ئەرتەشی ئازاد توانیان لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا لە شاری "حەما"، ٦ ئەفسەری نیزامی ڕووسیە و چەند کەس لە تێرۆریستانی سەر بە رێژیمی ئیسلامی ئێران و وەرگێرەکانی نێوان هەر دوو لایەن، بکووژن.

ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکا کە یەکێک لە ئەفسەرانی ڕووسیە کە لەو ئۆپەراسیۆنەدا کوژراوە پلەی سەرهەنگ بووە.

بەرپرسێکی ئەرتەشی ئازادی سووریە لەو پەیوەندییەدا ڕایگەیاند کە، هێزە ئەمنییەکانیان ماوەی ٣ مانگە کە جموجۆڵە سەربازیەکانی ئەو هێزانەی ڕووسیە و ئێرانییان لە پارێزگای "حەما" خستۆتە ژێر چاوەدێری و دواجار گەڵالەی ئەو هێرشەیان داڕشتووە.

ناوبراو لە درێژەی لێدوانەکانیدا ڕایگەیاند کە، هێرشەکانیان لە دژی هێزە ڕووسەکان و پاسدارانی سەر بە رێژیمی ئیسلامی ئێران درێژەی دەبێ و ئەو هێرشە وەکوو دڵۆپێکە لە دەریایەک.

هاوکات حیزبوڵای لوبنانیش کوژرانی فەرماندەیەکی سەربازی خۆی بە ناوی "ئەحمەد مەزنەر" لە سووریە ڕاگەیاند.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ڕاگەیەنەکانی سەر بە رێژیمی ئێرانیش ڕایانگەیاند کە، "ئەحمەد بیازی"ی لوبنانی کە کەسایەتیەکی شیعە مەزهەبی نیزیک لە ڕێژیمی ئێرانە، لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی سووریەدا کوژراوە.