ڕێژیم لە سەقز ئامادەباشیی ڕاگەیاند

کوردستان میدیا: هێزە نیزامی و سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری سەقز، لە ترسی حزووری پێشمەرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئامادەباشیی دان.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ماوەی چەند ڕۆژیکە هێزە داگیرکەر و سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی سقز لە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواو دان.
هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، کە حزووری پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات لەو ناوچەیە ترس و خۆفی خستووەتە ناو هێزەکانی ڕێژیمی ئێران.
لەو پێوەندییەدا، ڕێژیم لەو ناوچەی سەرشیوی سەقز کە دەکەوێتە سەر سنوور بە هێزێکی زور تەنیوە بە جۆرێک کە تەنانەت ڕێگای هاتوچۆی گوندەکانی پچڕاندووە و هەموو خەڵکەکەی لە هاتنەدەرەوە ئاگادار کردووتەوە.
دوای ئەوەیکە شەوی هەینی ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، لە ناوچەی سەرشیوی سەقز لە شوێنێک بەناوی "کۆتەڕەش" شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هێزە بەکرێگیراوەکانی کۆماری ئیسلامی هاتە ئاراوە ڕێژیم دەستی بە ملیتاریزەکردنی ئەو ناوچە کردووە.
لەو شەڕ و دەرگیرییەدا، که ماوەی کاتژمێرێک درێژەی بووە ژمارەیەک لە هێزەکانی ڕژیم کوژران و بریندار بوونه کە لە ژمارەی دەقیقیان هەواڵێک لە بەر دەستدا نیە.