۱۳۹۵/۰۷/۱۵


ڕێژیمی ئێران لە نیجریه تووشی بن‌بەستی سیاسی بوو

ڕێژیمی ئێران لە نیجریه تووشی بن‌بەستی سیاسی بوو

کوردستان میدیا: بەڕێوەبەری گشتیی کاناڵی ئاشتیی نیجریە داوای لە دەزگا ئەمنییەتییەکانی ئەو وڵاتە کردووە باڵوێزخانەی ئەم ڕێژیمە دابخەن.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، بەڕێوەبەری گشتیی کاناڵی ئاشتیی نیجریە سەرەڕای داواکاریی لە دەزگا ئەمنیەتییەکان بۆ داخستنی باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لە ئەبووجا، داوی کرد کە باڵوێزی پێشووی ڕێژیمی ئێرانیش بخەنە ژێر چاوەدێرییەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی کاناڵی ئاشتیی نیجریە ڕایگەیاندووە کە؛ باڵوێزی پێشووی ڕێژیمی ئێران هەوڵی تێکدانی تەناهیی ئەو وڵاتەی داوە و دەستێوەردانی لە کاروباری ئەو وڵاتەدا کردووە.

لەو پێوندییەدا "ئالفۆنس ئوکەمە" بەڕێوەبەری گشتیی کاناڵی ئاشتیی نیجریە سەرەڕای تاوانبارکردنی "سەعید کوزەچی" باڵوێزی پێشووی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتە، لە بیانیەیەکدا ڕایگەیاندووە کە؛ ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران ساڵی ٢٠١٥ی زایینی به پشتیوانی لە ئەندامانی بزووتنەوەی ئیسلامیی نیجریە، تێکهەڵچوون و ئاژاوەی لەو وڵاتەدا دروست کرد.

هەر لەو پێوەندییەدا، ماڵپەڕی "نیجریە نیوز" بڵاوی کردووەتەوە کە ڕێژیمی ئێران گرووپی تێرۆریستیی داعش و تێرۆریزمی جیهانیی دامەزراندووە و جەختی کردووەتەوە کە هاووڵاتیانی نیجریە نایانهەوێ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران پێوەندیان هەبێت.

ڕێژیمی ئێران بەردەوام دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکەدا دەکات و ئەوەش نیگەرانیی بەرپرسانی ئەو وڵاتانەی لێ‌کەوتووەتەوە.

شوورای هاوکاریی کەنداویش لەکۆتایی ١٣٦ـەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی کاروباری دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی شوورای هاوکاریی کەنداو کە مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو لە وڵاتی عەرەبستانی سعوودی بەڕێوەچوو، سەبارەت بە هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ نانەوەی ئاژاوە و شەڕ لەناوچەکەدا، هۆشداریی جیدییان بەو رێژیمە دا.

لەماوەی ڕابردوودا ڕێژیمی ئێران چەندین جار لە لایەن بەرپرسانی باڵای وڵاتانی عەرەبییەوە بە تاوانی کردەوەی تیرۆریستی لەو وڵاتانە تاوانبار کراوە.