غوڵامڕەزا جەلالی: عەرەبستان "هەڕەشەیەکی جیددی" بۆ سەر ئێرانە

کوردستان میدیا: سەرۆکی ڕێکخراوی پەدافەندی خۆپاراستن (پدافند غیرعامل)ی ئێران ڕایگەیاند؛ ئێمە لە ٣ بیاڤی سەربازی، ئابووری و سایبێری لەگەڵ عەرەبستاندا لەشەڕداین.
هاوکات لەگەڵ دەستپێکی مانۆڕی دەریایی عەرەبستانی سعوودی لە ئاوەکانی کەنداو و گەرووی هۆرمۆز، غوڵامڕەزا جەلالی بە هەواڵدەریی ئیسنای ڕاگەیاندووە کە؛ عەرەبستان هاوتەریب لەگەڵ ئیسڕائیل و ئامریکا هەڕەشەی جیددین بۆ سەر ئێران.
بە وتەی ناوبراو عەرەبستان هەوڵ دەدات لە ڕووی سەربازی، ئابووری و سایبێرییەوە ئێران بە چۆکدا بێنێت، ئەمەش لە ڕێگەی کەڵک وەرگرتن لە هەکێرەکان، بازاڕی نەوت و لایەنە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ئەنجام دەدرێت.
ئەم تۆمەتانەی ناوبراو کە لە درێژەی تۆمەتەکانی چەند مانگی پێشووی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی دێنە ئاراوە، بە بەشێک لەو شەڕەدندووکانە دەژمێردرێ کە ماوەی چەندین مانگە لە ڕاگەیەنەکاندا باسی لێوە دەکرێت.
لە بەرامبەریشدا عەرەبستانی سعوودی و وڵاتانی عەرەبی ناوچە بەردەوام کۆماری ئیسلامی بە پاڵپشتی چەکدارانی حووسی لە یەمەن و ڕێژیمی تێرۆریستی ئەسەد دەناسێنن؛ پرسێک کە لێپرسراوانی ڕێژیمی تاران حاشایان لێ نەکردووە.
ماوەیەک پێش ئێستاش حەسەن ڕووحانی پاش گەڕانەوەی لە نیۆیۆرک و لە نێو خەڵکی قەزویندا هێرشی کردە سەر دەوڵەتی ڕیاز و داوای لە ڕاگەیەنەکان کرد کە کەمایەسییە ئابوورییەکانی ڕیاز زەق بکەنەوە، کە بەڕای شڕۆڤەکاران ئەمە دەستپێکی فازێکی نوێ لە شەڕی ڕاگەیاندنە کە لەلایەن ئێرانەوە چێ دەکرێت.