۱۳۹۵/۰۷/۱۵


سەفەرەکەی زیگمار گابریەل بێئاکام مایەوە

سەفەرەکەی زیگمار گابریەل بێئاکام مایەوە

کوردستان میدیا: سەفەری وەفدی پایەبەرزی ئاڵمانی بۆ ئێران بە بێڕێزی و بێئاکام کۆتایی پێهات.
زیگمار گابریەل، وەزیری ئابووریی ئاڵمان ڕۆژی ٢شەممە ڕێکەوتی ١٢ی ڕەزبەر وێڕای وەفدێکی ١٢٠ کەسی کە بریتی بوون لە نوێنەری کۆمەڵێک کۆمپانیای زەبەلاحی ئاڵمانی، بۆ چاوپێکەوتنێکی ٢ ڕۆژە گەیشتە تاران، بەڵام سەفەرەکەی ئاکامێکی ئەوتۆی لێ نەکەوتەوە.

لەم سەفەرەدا بڕیار وابوو ناوبراو چاوی بە عەلی لاریجانی، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیمیش بکەوێت، بەڵام بە بێ ئەوەیکە باس لە هۆکارێکی ڕوون بکرێت، لاریجانی ئامادە نەبوو چاوی بە گابریەل بکەوێت.

بە ڕای چالاکانی سیاسی و ڕاگەیەنەکانی ئاڵمان هۆکاری ئەم کردارە نادیپلۆماتیکەی ئێران وتە پڕ لە ڕەخنەکانی گابریەل لە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بووە.

وەزیری ئابووریی ئاڵمان پێشتر باسی لە نیگەرانییەكانی ئاڵمان لەمەڕ ڕۆڵی تاران لە شەڕی سووریە و كارنامەی ڕێژیمی ئێران لە بواری مافی مرۆڤدا كردبوو، و جەختی كردبووەوە كە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی لە هەڵوێستی وڵاتەكەی لەو پێوەندییەدا ئاگادار دەكاتەوە. ناوبراو گوتبووی: "ئێران تەنیا كاتێك دەتوانێ پێوەندیی ئاسایی و دۆستانەی لەگەڵ ئاڵمان هەبێ كە ئیسراییلی بەفەرمی ناسیبێت".

دوابەدوای وتەکانی گابریەل، سەرۆکی هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیم، سادق ئامۆلی لاریجانی، وێڕای ڕەخنەگرتنی توند لە لێدوانەكانی ئەم دواییانەی وەزیری ئابووریی ئاڵمان لەمەڕ پێویستیی بەفەرمی ناسینی ئیسراییل، و هێنانە بەرباسی پرسی مافی مرۆڤ لە ئێراندا، ڕایگەیاند: "ئەگەر من لە جیاتی حكوومەت و وەزیری كاروباری دەرەوە بوایەم، بە دڵنیاییەوە ڕێگەم نەدەدا وەها كەسێك بێتە وڵاتەكەمان".

هەر لەم سەفەرەدا جەواد زەریفیش ئامادە نەبوو چاوی بە گابریەل بکەوێت، کە هەواڵدەریی مێهر هۆکارەکەی بۆ ئەو بەشە لە قسەکانی وەزیری ئابووریی ئاڵمان گەڕاندووەتەوە کە گووتبووی؛ پێشمەرجی پێوەندیمان لەگەڵ ئێران دانپیدانانی ئێران بە وڵاتی ئیسڕاییلە.