سەعد حەریری: ڕێژیمی ئێران سووریە و یەمەنی دابەش کرد

کوردستان میدیا: سەعد حەریری ڕێژیمی تێرۆریستی ئێرانی بە بەرپرسی وێرانی و دابەشبوونی خاکی سووریه و یەمەن لەقەڵەم دا.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان سەرۆکی ڕەوتی ئەلموستقبەل و سەرۆک وەزیرانی پێشووی لوبنان، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەزبەر، لە گوتارێکدا له ڕۆژنامەی "دیلی استار"دا، ڕێژیمی ئێرانی بە بەرپرسی وێرانی و دابەشبوونی خاکی سووریه و یەمەن لەقەڵەم دا.
حەریری هەروەها لە قسەکانیدا گوتی کە؛ ڕێژیمی ئێران هۆکاری سەرەکیی تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی عێراق، سووریه و لوبنانه و هەروەها ئەو ڕێژیمهی بە هۆکاری بڵاوکردنەوەی تایفەگەری لەو کۆمەڵگایانە ناوزەد کرد و ئەو ڕێژیمەی بە هەڕەشەیەک بۆ سەر یەکیەتی و ژیانی نەوەی داهاتوو وەسف کرد.
ناوبراو باسی لەوە کرد کە؛ ڕێژیمی ئێران و حیزبوڵڵا هۆکاری وێرانیی سووریه و کوشتاری خەڵکی سووریەن. هەروەها ڕێژیمی ئێسلامیی ئێرانی بە پشتیوانی لە حووسییەکان و دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتی یەمەن ناوبردووە.
زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و جیهان و بەتایبەت وڵاتانی عەرەبیی وەکوو یەمەن، بەحرەین و میسر، ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتەکانیان تاوانبار دەکەن و هۆشداریی جیددیان بە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران داوە.