۱۳۹۵/۰۷/۲۲


کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ بەیانییەیەکی بڵاو کردەوە

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ بەیانییەیەکی بڵاو کردەوە

کوردستان میدیا: کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ سەبارەت بە جیابوونەوەی بزووتنەوەی فێدڕاڵی دێموکراتی ئازەربایجان لەو هاوپەیمانییەتیە بەداخبوونی خۆی دەبڕی و لەو پێوەندییەدا بەیانییەیەکی بڵاو کردەوە.
دەقی بەیانییەکە:
بەیانییەی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ لە پێوەندی لەگەڵ جیابوونەوەی بزووتنەوەی فێدڕاڵی دێموکراتی ئازەربایجان لەو هاوپەیمانییەتیە

بزووتنەوەی فێدڕاڵی دێموکراتی ئازەربایجان لە ڕێکەوتی ١ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٦ی زایینی بەرانبەر بە ١٠ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، لە بەیانییەیەکدا لە ڕاگەیەنە گشتییەکان، چوونەدەری خۆی لە هاوپەیمانییەتی لە "کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ" ڕاگەیاند.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ لەو پێوەندییەدا ڕایگەیاند کە:
١ـ نوێنەرانی بزووتنەوەی فێدڕاڵی دێموکراتی ئازەربایجان لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا نەتەنیا تەنانەت یەک جاریش لە کۆبوونەوە یەک لە دوای یەکەکانی ئەو کۆنگرەیە، چ بە شێوەی مەجازی و چ حزووری ئامادە نەبوون، بەڵکوو هیچ پێشنیار و ڕەخنەیەکیشیان بە شێوەی نوسراوە یان زارەکی بۆ کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ نەناردووە.

٢ـ خاڵە باسکراوەکان دژی "کۆنگرەی نەتەوەکان" لە لایەن بزووتنەوەی فێدڕاڵی دێموکراتی ئازەربایجان لە بەیانییەی جیابوونەی خۆیان، بۆ یەکەم جار دوای بڵاوکردنەوەی بەیانییە لە ڕاگەیەنە گشتییەکان، بە شێوەیەکی غەیرە ئوسولی و بەدوور لە پرەنسیپە ناسراوەکانی ڕەوته سیاسییەکانی بەرپرس، خراوەته بەر دیدی ئەندامانی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ.

٣ـ کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ لە جاڕنامەی خۆیدا که بزووتنەوەی فێدڕاڵی دێموکراتی ئازەربایجان دوای قبووڵ کردنی ئەو جاڕنامەیە بوو بە ئەندامی ئەو کۆنگریە، بەڕوونی باسی لەوە کردووە که کۆنگره سەرەڕای جەختکردنەوە لە سەر شێوەکانی خەبانی ئاشتیخوازانە، لە هەموو شێوەکانی دیکەی خەبات هاوتەریب لەگەڵ پرەنسیپەکانی جاڕنامەی جیهانیی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لەسەرکار لابردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گەیشتن بە ئامانجه مرۆیی و دێموکراتیەکەکان کەڵک وەردەگرێت.

بەشداریی لە هاوپەیمانییەتێکدا بە مانای وێکچوونی هەموو سیاسەتێکی بەشداربووەکانی ئەو هاوپەیمانییەتە نیه، بەڵکوو بە مانای هاوگەرایی لە سەر بنەمای هاوبەشییەکان و ئەوەیکە گۆڕینی تاکتیکی خەبات لە لایەن ئەندام یا ئەندامانێک لە کۆنگرەی نەتەوەکان بووبێتە هۆکارێک بۆ جیابوونەوەی ئەو هاووڕێیانە، دوور لە عۆرفی سیاسییە.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ دوای یەک دەیە لە چالاکیی سیاسی وەک یەکێک لە بەربڵاوترین و بەپێشینەترین هاوپەیمانییەتیەکان لە ئاستی ئۆپۆزیسیۆنی دێموکراتی ئێران، بەردەوام پێشوازیی لە هەر چەشنە ڕەخنە و باس و شێوەی خەبات کردووە و دەکات.

له کۆتایی‌دا ئەندامانی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ، سەرەڕای دەربڕینی داخ و کەسەر لە جیابوونەوەی بزووتنەوەی فێدڕاڵی دێموکراتی ئازەربایجان، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازێت.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدڕاڵ
١٢ی ئۆکتۆبری ٢٠١٦ زایینی