واشینگتۆن پۆست: عەرەبستان خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەكات

كوردستان میدیا: ڕۆژنامەی ئەمریكایی واشینگتۆن پۆست لە ڕاپۆرتێكدا باس لە لێدوانەكانی ئەم دواییانەی قاسم سلێمانی دژ بە عەرەبستانی سعوودی دەكات و دەنووسێت: " وادیارە شەڕی زارەكیی نێوان ئێران و عەرەبستانی سعوودی كۆتایی نایەت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێ".
واشینگتۆن پۆست لە درێژەدا نووسیویە: "عەرەبستان ڕایگەیاندووە كە ئامانجی لە مانۆڕی سەربازیی قەڵغانی كەنداوی ١، بەرزكردنەوەی ئاستی ئامادەیی هێزەكانی بۆ شەڕە. ئەرتەشی سعوودی ڕایگەیاندووە كە داكۆكی لە بەرژەوەندییە دەریاییەكانی شانشینی عەرەبستان لە بەرانبەر هەموو جۆرە دەستدرێژییەكی چاوەڕوانكراودا دەكات. ئەو پەیامە بە واتای ئەوەیە كە عەرەبستانی سعوودی خۆی بۆ شەڕێكی ڕاستەقینە لەگەڵ ئێران ئامادە دەكات".
ئەو ڕۆژنامەیە لە درێژەدا هەروەها لە سەر زاری كۆمەڵێك لەشارەزایانی سیاسی باس لەوە دەكات كە بەهێزتر بوونی شازادە موحەممەد بن سەلمان لە عەرەبستانی سعوودیدا بۆتە هۆی ئەوەی كە ئەو وڵاتە بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوو، سیاسەتێكی هێرشبەرانەتر لە بەرامبەر زێدەخوازییەكانی ڕێژیمی ئێراندا بگرێتە پێش.
ڕێژیمی ئێران كە لە ساڵانی ڕابردوودا بە پاڵپشتیكردنی ڕێكخراوەكانی وەك حووسییەكان و دنەدانی شیعەكانی عەرەربستان و بەحرەین دژ بە حكوومەتی عەرەبستان و هاوپەیمانەكانی، شەڕێكی بەربڵاوی لە دژی ئەو وڵاتە خستۆتە ڕێ، بەم دواییانە هەوڵ دەدا بۆ پاساودانی داماویی خۆی لە بەرانبەر بزووتنەوە ڕزگاریخوازە لەمێژینەكانی گەلانی ئێران بە تایبەتی نەتەوەی كورد و حیزبی دێموكراتدا، مۆركی بەستراوەیی بە سعوودییان پێوە بلكێنێت.
ئەوە لە كاتێكدایە كە سەرهەڵدانی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەكانی گەلانی ستەملێكراو لە ئێراندا خاوەنی مێژوویەكی زۆر دێرینتر لە ئاڵۆزییەكانی نێوان ئێران و عەرەبستانە و دەگەڕێتەوە بۆ چۆنیەتیی دامەزرانی پێكهاتە و وڵاتێك بە ناوی ئێران لە سەرەتاكانی سەدەی ڕابردووی زایینیدا كە ئەو كاتە هێشتا عەرەبستانیش وڵاتێكی سەربەخۆ نەبوو.