"قارەمانە ناوکییە"کەیان بووە هەوێنی گاڵتەجاڕ

کوردستان میدیا: هەواڵدەریی حکوومەتیی "فارس" بە گاڵتەجاڕەوە باسی لە جەواد زەریف "قارەمانە ناوکییە"کەی کۆماری ئیسلامی کرد.
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٧ی ئۆکتۆبر کاناڵی تێلێگرامی هەواڵدەریی فارس بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، کە تێیدا دەگریێت، بەهۆی وەرنەگرتنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل گاڵتەی بە ناوبراو کردووە.
ئەم کاناڵە نووسیویەتی: "خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل درا بە سەرکۆماری کۆلۆمبیا.... وتم من لە کوێ و نۆبێل لە کوێ؟ ئێوە بۆ بە هەندتان وەرگرت؟ ئاخر من چیم لە یاسر عەرەفات و گۆرباچۆف و پرێز یان لە هەمووی خراپتر شیرین عیبادی کەمترە؟"
لە ساڵانی ڕابردوودا یاسر عەرەفات سەرۆکی پێشووی ڕێکخستنی خۆبەڕێوەبەری فلستین، میخائیل گۆرباچۆف دواسەرکۆماری شۆڕەوی، شیمۆن پڕێز سەرکۆماری پێشووی ئیسرائیل و شیرین عیبادی چالاکی ئێرانی توانییان ببنە براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبیل، کە هەموویان لە ڕوانگەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە خائینن.
"قارەمانی ناوکی"ی ڕێژیم، یەکەم مۆرەی کۆماری ئیسلامی نییە کە بەم شێوەیە سووک و ڕیسوا دەکرێت؛ لە ساڵانی ڕابردووشدا زۆر نموونەی لەم چەشنە بیندراوە کە میدیا و هەواڵدەرییە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی بە "سوکایەتی"کردن ڕێزیان لە مۆرەکانیان گرتووە و تەنانەت لە هەندێک حاڵەتیشدا لەنێویان بردوون.