کرماشان لە بێکاری و زۆرانبازی مێداڵی زێڕی وەدەست هێنا

کوردستان میدیا: هەواڵی سەرکەوتنی بەهمەن تەیموری، زۆرانبازی کرماشانی، لە کێبڕکێ نێونەتەوەییەکانی خەڵاتی مەزنی زۆرانبازیی "ئازاد"ی هێند لە کاتێکدا بڵاو بوویەوە کە؛ ناوەندی ئاماری ئێران ڕایگەیاندووە کرماشان پلەی یەکەمی بێکاریی لە ئێراندا هەیە.
هەواڵدەریی ئیسنا لە زاری مەنسوور کیانی سەرۆکی لێژنەی زۆرانبازیی پارێزگای کرماشانەوە بڵاوی کردەوە؛ لە کێبڕکێ نێونەتەوەییەکانی خەڵاتی مەزنی زۆرانبازیی "ئازاد"ی هێند، بەهمەن تەیمووری لە کێشی ٧٤ کیلۆدا توانی بەسەر ڕکەبەرەکانیدا سەرکەوێت و مێداڵی زێڕی ئەم کیبڕکێیانە لە مل بکات.
بڵاوبوونەوی ئەم هەواڵە هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نوێترین ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ئێران سەبارەت بە ڕەوشی بێکاری لە ئێران کە لە نێو هەموو پارێزگاکانی ئێراندا، کرماشان پلەی یەکەمی وەدەست هێنا و توانی بە نرخی ٢/١٩% وەک ڕابردوو بەبێ ڕکابەر سەرۆکی لیستەی بێکارانی ئێران بێت. ئەمەش لەحاڵێکدایە کە لە بەهاری ٩٤دا نرخی بێکاری لەم پارێزگا ٧/١٣% بووە، واتە لە ماوەی یەک ساڵدا گەشەی بێکاری لە کرماشان ٥/٥% بووە!
پارێزگای کرماشان بە ڕووبەری ٢٤٦٤٠ کیلۆمێتری چوارگۆشە حەڤدەیەمین پارێزگای ئێران لە باری پانتاییەوەیە، کە جگە لە کۆمەڵێک ئاسەواری مێژوویی و سروشتی وەک بەستێنێکی لەبار بۆ کەرتی گەشتیاری و بوونی هێزی مرۆیی گونجاو بۆ گەشەدان بەم پارێزگا، خاوەنی چەندین کانگای بەپیت وەک نەوت، گاز، ئاسن، سرپ، گوگرد، ئالۆمیت، کوارتریت و... هتدە و لەباری ئاژەڵداری و کشتوکاڵ و باخدارییشەوە خاوەنی بەستێنێکی لەبارە، بەڵام هیچکات وەک پێویست ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە، کە ئاکامەکەشی بووەتە بێکاریی لەڕادەبەدەر.