۱۳۹۵/۰۸/۰۹


قوربانیانی دەستی "تووسی" دەڵێن: ئەمنیەتی گیانیمان نییە

قوربانیانی دەستی

کوردستان میدیا: پاش لەقاودانی بەدڕەوشتییەکانی سەعید تووسی لەگەڵ مێرمنداڵە قورئانخوێنەکان، ڕێژیم هەڕەشەی لە سکاڵاکەران کردووە و ئەوان دەڵێن: ئەمنیەتی گیانیمان نییە.
ڕادیۆ فەردا لە وتووێژێکدا لەگەڵ ٢ کەس لە قوربانیانی دەستی محەممەد گەندۆم نژاد ناسراو بە سەعید تووسی، قورئانخوێنی نزیك لە خامنەیی، لە زاری ئەو کەسانەوە ئاشکرای کردووە کە؛ ناوەندە قەزایی و ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم هەڕەشەیان لێ کردوون.
بە وتەی ئەم کەسانە، پاش ئاشكرابوونی دۆسیەی دەستدرێژیی سێكسیی "سەعید تووسی" قورئانخوێنی نزیك لە ڕێبەری كۆماری ئیسلامی، بۆ سەر كۆمەڵێك منداڵی قورئانخوێن و سکاڵای بنەماڵەی ئەم کەسانە، کە بە دەستێوەردان و پشتیوانییەکانی بەیتی خامنەیی لەم قاڕییە بەدڕەوشتە بە بێ‌ئەنجام مابوویەوە، سادق لاریجانی سەرۆکی هێزی بەناو دادوەری بەو کەسانەی ڕاگەیاندووە کە؛ ئەگەر بێتوو لەگەڵ ڕاگەیەنەکان سەبارەت بەم پرسە لێدوان بدەن دەگیرێن و بە تۆمەتی "هاوکاری کردن بۆ ئەنجامدانی تاوان"، لێپرسینەوەیان لێ دەکرێت.
لەم دیمانە ڕادیۆییەدا ٢ کەس لەم قوربانیانە کە لە کاتی دەستدرێژی کردنەکە تەمەنیان ١٢ ساڵ بووە دەڵێن؛ ئێمە ئێستا ئەمنیەتی گیانیمان نییە و بە ترسەوە باسی بەدڕەوشتییەکانی تووسی و سەرپۆش دانانەکانی بەیتی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەکەن، کە تەنانەت ئەو کاتەش هەوڵیان داوە ڕێگەیەکی یاسایی بۆ بەردەوامیی کردارە نامرۆڤانەکانی ئەم قاڕییەی خامنەیی درووست بکەن.

سكاڵاكەرانی ئەو قورئانخوێنە دەڵێن؛ دۆسیەی سكاڵای ئەوان لە ناوبراو، بە هۆی گوشاری نووسینگەی خامنەیی و بەرپرسانی باڵای دەزگای قەزایی و یەك لەوانە دۆزگەری گشتیی تاران، داخراوە.

مۆحسێنی ئێژەییش لە کۆنفڕانسێکی خەبەریدا سەبارەت بەم پرسە وتبووی؛ هەرجۆرە لێدوانێك لەو پێوەندییەدا بە "تاوان" لە قەڵەم دەدرێت و بەدواداچوونی یاسایی بۆ دەکرێت.

ماوەیەک پیش ئێستاش ماڵپەڕی "ئامەد نیووز" نووسیبووی؛ قەرارگایەکی ئەمنیەتیی ڕێژیم دەیهەوێ سەعید تووسی تێرۆر بکات و لەم ڕێگەشەوە "هەم پێش بە ئاشكرابوونی دۆسیەی دەستدرێژیی بەكۆمەڵ و هاوبەشی ناوبراو و كۆمەڵێك لە كەسایەتییە دەستڕۆیشتووەكانی نێو رێژیم بۆ سەر مێرمنداڵان بگرێت"، و هەم بە سەرنجدان بە وتەكانی یەكێك لە سكاڵاكەران لە بەرنامەیەكی تەلەڤیزیۆنیدا، بەرپرسایەتیی تیرۆری ناوبراو بخەنە ئەستۆی سكاڵاكەران و ڕێگا بۆ دەستبەسەركردن و ئێعدامیان خۆش بكەن.