۱۳۹۵/۰۸/۰۹


سەردارێکی سپای تێرۆریستی پاسداران لە سووریە کوژرا

سەردارێکی سپای تێرۆریستی پاسداران لە سووریە کوژرا

کوردستان میدیا: سەرداری تێرۆریست "غوڵامڕەزا سەمایی" لە شەڕ و پێکدادانەکانی سووریە بە سزای خۆی گەیشت.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، لە درێژەی شەڕ و پێکدادانەکانی سووریه و کوژرانی ئەندامانی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، یەکێکی دیکەش لە سەردارەکانی ئەو ڕێکخراوە تێرۆریستییە بە ناوی سەردار "غوڵامڕەزا سەمایی" بە دەست هێزەکانی دژبەری بەشار ئەسەد بە سزا گەیشت.

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران بڵاویان کردووەتەوە کە؛ ناوبراو وەک "عەمەلیاتی موستەشاری و بەرگری لە حەرەمی عەقیله بنی هاشم" لە سووریە شەڕی دەکرد.

ئەو سەردارە تێرۆریستەی ڕێژیمی ئێران بەرپرسیایەتی جۆراوجۆری وەک فەرماندەیی ئیتلاعاتی سپای شادگانی ئەهواز و جێگری هاوئاهەنگکەری قەرارگای "ثامن الائمە"ی لە ئەستۆ بووە و یەکێک لە فەرماندەرانی پلە بەرزی ڕێکخراوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم بووە.

هێزی سەرکوتکەر و جینایەتکاری قودس لقی دەرەوەی سنووری سپای تێرۆریستی پاسدارانە کە لە سەردەمی شەڕی ئێران و عێراق‌دا دروست بوو و بەپێی هەندێک لە سەرچاوە نافەرمییەکان ٢٠ هەزار هێزی هەیە.

لەو پێوەندییەدا، یەکێکی دیکە لە فەرماندەرانی سپای تێرۆریستی ڕێژیمی ئێران بە ناوی "سالار ئابنووش" جێگری قەرارگای "ثامن الائمە" باسی لەوە کردووە کە؛ لە داهاتوویەکی نزیک‌دا سپای پاسداران لە ئورووپا و ئامریکا دادەمەزرێنین.

لەو ماوەیەدا زۆربەی بەرپرسانی نیزامیی ڕێژیم باسیان لە کار و چالاکی لەو دەروەی ئێران کردووە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە وڵاتانی ناوچە لەمەڕ کردەوەی تێرۆریستی و پشتیوانیی ئەو ڕێژیمە له گرووپە تێرۆرێستیەکان نیگەرانیان دەبڕێوە.