۱۳۹۵/۰۸/۰۹


گەندەڵییەکی ماڵیی دیکە لە ئێراندا ئاشکرا بوو

گەندەڵییەکی ماڵیی دیکە لە ئێراندا ئاشکرا بوو

کوردستان میدیا: بەرپرسانی بانکیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەستیان داوەتە گەندەڵی لە سیستمی ماڵیی وڵاتدا.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕاگەیەنە حکوومەتییەکان، لە دوو بانکی "ملی" و "ملت"دا، گەندەڵی ماڵیی نزیک بە ١٢٠٠ میلیارد تمەنی ئەنجام دراوە.
لەم گەندەڵییە گەورەیەدا، پشکی بانکی "ملی" ٨٠٠ میلیارد تمەن و بانکی "ملت" ٣٠٠ میلیارد تمەن خەمڵێندراوە.
داواکاری گشتیی ئێران وێڕای ڕاگەیاندنی بزر کرانی ئەو بڕە پارەیە، وتویەتی؛ تاوانباری سەرەکی ڕایکردووە و پێنج کەس لە دەستوپێوەندییەکانی دەستبەسەر کراون.

مۆنتەزێری لە وتووێژی کاناڵی ٢ی سیمادا، تەنیا بە ڕەستەگەلی "بۆ وڵات باش نیە و بۆ نیزامیش قورسە" پەرچەکرداری هەبووە.

ئەو دوو شیرکەتە خزمەتگوزارییە ماڵییە، یەکەمین و سێهەمین بانکەکانی گەورەی ئێرانن کە لە چوارچێوەی "بانکداریی دەوڵەتی" پۆلێن دەکرێن.

ماوەیەک پێش ئێستاش، موحسین ئێژەیی، وتەبێژی دەزگای قەزایی ڕێژیمی ئێران، لە "سەرپێچی ماڵیی" ٨ هەزار میلیارد تمەنیی بەڕێوەبەری گشتیی سندووقی پاشەکەوتی فەرهەنگیانی ئێران هەواڵی دا.

یەکەمین گەندەڵیی ماڵی لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بۆ دەیەی ٧٠ی هەتاوی و دزینی ١٢٣ میلیارد تمەن لە بانکی "صادرات" دەگەڕێتەوە.

ئاشکرابوونی گەندەڵیی ماڵی لە سیستمی بانکی لەکاتێکدایە کە بە سەدان هەزار هاووڵاتی لە وەرگرتنی وام و ئاسانکاریی بانکی، تووشی بەربەست دەکرێن.

هەبوونی پێوەندی لەگەڵ ناوەندەکانی دەسەڵاتی سیاسی، گرینگترین هۆکاری دەستپێڕاگەیشتن بە سەرمایە و پارەی بێسنوور لە ئێران هەژمار دەکرێت.