رووسیە هێزی ئاسمانیی خۆی لە سووریە جێگیر دەكات

كوردستان میدیا: پارلەمانی فیدراڵی رووسیە بە زۆرینەی دەنگی ئەندامەكانی، بڕیاری گواستنەوە و جێگیركردنی هێزی ئاسمانیی وڵاتەكەی لە سووریە پەسند كرد.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەكان، لە كۆی گشتیی ١٧٠ ئەندامی پارلەمانی فیدراڵی رووسیە، ١٥٨ كەسیان دەنگیان بە "بەڵێ" بۆ گواستنەوە و جێگیركردنی هێزی ئاسمانیی وڵاتەكەیان لە سووریە دا.
ویكتۆر ئۆزیرۆف، بەرپرسی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە پارلەمانی فیدراڵی رووسیە ڕایگەیاند، ئەو هەنگاوەی مۆسكۆ كاریگەریی گەورەی لە سەر بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێت.
دەنگدان لەسەر ئەو پرۆژەیە لە كاتێكدایە كە لە كۆتایی مانگی سێپتامبری ساڵی ٢٠١٥ بەم لاوە، ئەرتەشی رووسیە هێرشە سەربازییەكانی خۆی لە سووریە دەست پێ كردووە و لەو كاتەوە لە شەڕی ناوخۆیی سووریەدا قورسایی هێز بە لای ڕێژیمی سووریەدا شكاوەتەوە.
ڕۆژی هەینی ڕابردوو ٤٤٦ كەس لە كۆی ٤٥٠ ئەندامی دۆما (ئەنجومەنی نوێنەرانی ڕووسیە) دەنگی لە سەر ئەو پرۆژە بڕیارەكە دابوو. بەو دەنگدانەی ئێستای پارلەمانی فیدراڵیش، پرۆژەكە بە فەرمی دەبێتە یاسا و چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی داهاتوودا حكوومەتی ڕووسیە بە كردەوە هەنگاو بۆ جێبەجێكردنی هەڵبگرێت.
لە چەند مانگی ڕابردوودا ڕووسیە بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر خەڵك و ئۆپۆزیسیۆنی سووریە، لە بنكەكانی هێزی ئاسمانیی ڕێژیمی ئێران كەڵكی وەردەگرت، بەڵام بە پەسەندكردنی ئەم بڕیارە، ڕۆڵ و قورسایی ڕێژیمی ئێران بۆ دانانی كاریگەری لە سەر هاوكێشەكانی سووریە لاوازتر دەبێت و سووریە زیاتر لە جاران دەچێتە ژێر ڕكێفی هەیمەنەی سەربازیی ڕووسیە.