ئامریکا حوسیەکانی یەمەنی بوردومان کرد

کوردستان میدیا: بۆ یەکەمین جار هێزە دەریاییەکانی ئامریکا بە بڕیاری بەراک ئۆباما بنکە و بارەگاکانی حوسیەکانی یەمەنیان لە کەنارەکانی دەریای سوور بوردومان کرد.
ڕادیۆ فەڕانسە بڵاوی کردەوە پاش ئەوەیکە حوسیەکانی یەمەن ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بە موشەک هێرشیان کردە سەر کەشتییە ئامریکاییەکان، ئامریکاش بەشێوەی ڕاستەوخۆ هاتە گۆڕەپانی شەڕی یەمەن و لە ڕێگەی ناوشکەنی "یوئێس ئێس نیتێز"ەوە ٣ بنکەی ڕاداری حوسیەکانی کردە ئامانج.
بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هاوکاتە لەگەڵ لێدوانەکانی سێناتۆر مەک کین کە گووتوویەتی: ئەو موشەکانەی کە حوسییەکان لەدژی ئامریکا کەڵکیان لێ وەرگرتووە لەلایەن ئێرانەوە ڕادەستی شیعە حوسیەکان کراون؛ ئەم لێدوانەی ناوبراو لەلایەن فاکس نیوزی ئامریکاشەوە پشت ڕاست کراوەتەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە هاوکات لەگەڵ گرژبوونەوەی بارودۆخەکە لە گەرووی "باب المندب" هەواڵدەریی حکومەتی تەسنیم ڕایگەیاندووە کۆماری ئیسلامی پاپۆڕە شەڕکەرەکانی خۆی بۆ ماوەیەکی نادیار ڕەوانەی کەنداوی عەدەن دەکات؛ ئەمەش دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی بەرگری ئامریکا بڕیاری دا کە ٢ ناوشکەنی خۆی وێڕای ناوی "پۆنس" وەکوو بنکەیەک بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت ڕەوانەی ئەم گەرووە بکات.
لە بانەمەڕی ساڵی ڕابردوودا ٩ پاپۆڕی ئێرانی کە هەڵگری چەک و تەقەمەنی بۆ شیعە حوسیەکانی یەمەن بوون، بەهۆی ئامادەبوونی ناوگانی دەریایی ئامریکا لە دەورووبەری یەمەن ناچار بوون بە دەست بەتاڵی بۆ ئێران بگەڕێنەوە.