سێ گومانلێكراوی ئێرانی لە ئیتالیا بە پاسپۆرتی ساختەی ئیسراییلییەوە گیران

كوردستان میدیا: سێ گومانلێكراوی ئێرانی لە ئیتالیا بە پاسپۆرتی ساختەی ئیسراییلییەوە دەستبەسەر كران. ئیسراییل سەرقاڵی تاوتوێكردنی دۆسیەی ئەو سێ كەسەیە كە لە ئیتالیا گەڕێنراونەتەوە بۆ توركیە. ڕاگەیەنەكان دەڵێن ئەو ٣ كەسە لەگەڵ پیلانە جیهانییە تیرۆریستییەكانی ڕێژیمی ئێران دژ بە هاوڵاتیانی ئیسراییلی لە پێوەندیدان.
ماڵپەڕی "تایمز ئیسراییل" بە گواستنەوەی هەواڵێكی ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممەی كاناڵی ٢ی تەلەڤیزیۆنی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند: "حكوومەتی ئیتالیا ئەو هەواڵەی بە بەرپرسانی ئیسراییلی داوە و ڕاگەیاندووە كە ئەو سێ كەسەی لە ڕێگەی سربستانەوە ڕەوانەی توركیە كردووە".
بەرپرسانی ئەمنیەتیی ئیسراییلی ڕایانگەیاندووە: "ئەگەری هەبوونی پێوەندیی ئەو سێ كەسە لەگەڵ تۆڕی بەربڵاوی هێرشە تیرۆریستییەكانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هاوڵاتیانی ئیسراییلی لە سەرانسەری جیهاندا تاوتوێ دەكەن".
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە كە: "لە مانگی ژانویەی ڕابردووشدا، دوو ئێرانی بە پاسپۆرتی ساختەی ئیسراییلییەوە لە فرَۆكەخانەیەك لە هیندووستان دەستبەسەر كراون". لە ڕاپۆرتەكەدا باس لەوە كراوە كە ئەو دوو كەسە ژن و مێردێك بوون كە چەند ساڵێك لە هیندووستان پێكەوە ژیابوون و دەیانهەویست بەو پاسپۆرتانەوە بچنە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا".
لە ساڵی ٢٠١٤شدا دوو ئێرانی كە هەوڵیان دەدا بە پاسپۆرتی ساختەی ئیسراییلییەوە بچنە وڵاتی كینیا، لە فڕۆكەخانەی نایرۆبی دەستبەسەر كران كە هەردووكیان بەپێی یاساكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم حوكمی دوو ساڵ زیندان و سزای نەختیی قورسیان بۆ دیاری كرا".