سەنعەتی نەوتی ئێران پێویستی بە ١٠٠ میلیارد دۆلار هەیە

کوردستان میدیا: وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامی ڕایگەیاندووە سەنعەتی نەوتی ئێران لانیکەم پێویستی بە ١٠٠ میلیارد دۆلار هەیە تاکوو بتوانێ گەشە بکات.
بیژەن زەنگەنە لەمبارەوە ڕایگەیاند؛ سەنعەتی نەوتی ئێمە خاوەنی پۆتانسیەلی باشە بەڵام دەبێ گرینگی پێ بدرێت تاکوو گەشە بکات ئەمەش پێویستی بە سەرمایەدانان هەیە.
بەوتەی ناوبراو هەنووکە لە گۆڕەپانی "آزادگان"دا ئێران تەنیا ٥% نەوت بەرهەم دێنێت و ٩٥%ی دیکەی بێ کەڵک ماوەتەوە؛ بەم پێیەش وەکوو ئەوە وایە کە هیچمان نەکردبێت.
هەندێک لە کارناسان پێیان وایە لە هەلومەرجی ئێستای ئێراندا ئەم وڵاتە توانای دابین کردنی وەها سەرمایەیەکی نییە و تەنیا دەبێ سرنجی سەرمایەدانەری بیانی بۆ لای خۆیان ڕابکێشن کە ئەویش بەهۆی نەبوونی ئەمنییەتی سەرمایە و بوونی کۆمەڵێک یاسای نابەجێ کەمتر کۆمپانیایک ئامادەیە کە ڕیسکێکی وەها بکات.
هەنووکە بەپێی دوایین پۆلێن بەندییەکانی ڕێکخراوی هاوکارییە ئابورییەکان و گەشەپێدان (OECD) ئێران لە گروپی وڵاتانی حەوتەمدایە کە ئەمە بەمانای مەترسیدار بوون و پڕڕیسک بوونی سەرمایەدانان لەم وڵاتەیە.