لە شاری مەریوان دیسان خۆپیشاندان بەڕێوە چوو

کوردستان میدیا: هاووڵاتییانی شاری مەریوان دوای خۆپیشاندانی ڕۆژی سێشەممە لە هەمبەر مەترسیی تانکەرەکانی سووتەمەنی بۆ سەر گیان و ژیان هاووڵاتییانی ئەو شارە، دیسان خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٤ی ڕەزبەری ١٣٩٥٤ی هەتاوی، هاووڵاتییانی شاری مەریوان ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و لە هەمبەر کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران سەبارەت بە مەترسیی تانکەرەکانی سووتەمەنی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان، خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.
هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند، خەڵکی شاری مەریوان دژی تانکەرەکانی هەڵگری سووتەمەنی کە لە ڕێگاوبانەکانی ئەو شارەدا هاتووچۆ دەکەن و ژیانی هاووڵاتیانیان خستووەتە مەترسیەوە بۆ جاری دووهەم خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.
هەروەها هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەیەوە گوتی کە خەڵکی شاری مەریوان لە فەلەکەی بێسارانی دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە و ڕێژیمیش لە شاری سنەوە هێزی نیزامیی بۆ میلیتاریزەکردنی شاری مەریوان هێناوەتە ئەو شارە.
هاووڵاتییانی شاری مەریوان سەبارەت بە کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران نیسبەت بە ڕووداوە دڵتەزێنەکانی کە بە هۆی تانکەرەکانی سووتەمەنیەوە ڕوو دەدات ئەو خۆپیشاندانەیان بەڕێوە برد.
هەروەها کەمپەینێک لەژێر ناوی "نا بۆ تانکەری مەرگ" لە لایەن چالاکانی کورد پێکهاتووە کە داواکارن کێشەی هاتووچۆی تانکەرەکانی سووتەمەنی کە ژیانی خەڵکی خستووەتە مەترسییەوە، چارەسەر بکرێت.
ئەو خۆپیشاندانەی خەڵکی شاری مەریوان لەمەڕ ئەوە بەڕێوە دەچێت کە کاتژمێر ١٠ی شەوی سێشەممە ڕێکەوتی ٦ی ڕەزبەر لە جاددەی "نگڵ" لە نێوان سنە – مەریوان تانکەرێکی هەڵگری سوتەمەنی وەرگەڕا و بەو هۆیەوە ٦ ماشینی دیکەی تووشی ڕوداو کرد.
ئەم هەواڵه نۆێ دەکرێتەوە.