شەڕی ئاخرزەمان بە پێچەوانەی چاوەڕوانیی داعش دەرچوو

كوردستان میدیا: ئەرتەشی ئازادی سووریە بە پاڵپشتیی ئەرتەشی توركیە، گوندی "دابق"ی لە باكووری پارێزگای حەلەب كۆنترۆڵ كرد.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئاناتۆلی، هێزەكانی ئەرتەشی ئازادی سووریە ڕۆژی یەكشەممە 16ی ئۆكتۆبر بە پاڵپشتیی ئەرتەشی توركیە لە شەڕێكدا دژ بە هێزەكانی داعش، توانیان دوو گوندی "دابق" و "سەوران" لە باكووری پارێزگای حەلەب كۆنترۆڵ بكەن.
"دابق" لە باكووری حەلەب هەڵكەوتووە و ٤٥ كیلۆمتر لە سنووری توركیە دوورە. ئەو گوندە سەر بە شاری "ئیعزاز"ە و بایەخێكی سیمبۆلیكی بۆ داعش هەبوو كە تەنانەت ناوی ئۆرگانی فەرمیی خۆی لەو گوندە وەرگرتبوو.
ناوی دابق لە كتێبی حەدیسی "سەحیحی ئیمام موسلم"دا هاتووە و هێندێك لە موسڵمانان بە پێی گێڕانەوە ئیسلامییەكان لە پێغەمبەری ئیسلام، لەو باوەڕەدان كە لەو ناوچەیەدا یەكێك لە شەڕە چارەنووسسازەكانی ئاخرزەمان ڕوو دەدات.
بەپێی ئەو گێڕانەوەی لە پێغەمبەری ئیسلام، لە ئاخرزەماندا ڕۆمییەكان (توركیەی ئێستا) هێرش دەكەنە سەر دابق. پاشان سوپای ئیسلام لە بەرانبەریاندا ڕادەوەستن و پاش سەركەوتن بە سەر ڕۆمییەكاندا، دەست بە سەر شاری قۆستەنتەنیە (ئیستانبۆڵی ئێستا)دا دەگرن. پاشان "دەجال" دەردەكەوێت و "حەزرەتی مەسیح" لە ئاسمان دەگەڕێتەوە.
شوێنكەوتووانی داعش تا پێش ئەو شكستە، لەو باوەڕەدا بوون كە نیشانەكانی وەڕاستگەڕانی ئەو پێشگوییەی كە دەدرێتە پاڵ پێغەمبەری ئیسلام، دەركەوتووە. واتە میلیشیاكانی داعش یان بە وتەی خۆیان "موجاهیدانی ئیسلام" لە ڕۆژئاواوە بە سوپای ئیسلامەوە پەیوەست بوونە، كۆمەڵگای نێونەتەوەیی لە ڕێگەی هێزی هاوپەیمانانەوە خۆی بۆ شەڕ دژ بە خەلافەتی ئیسلامی ئامادە دەكات.
هەروەها سوپای ڕۆمیش هێرشەكانی خۆی بۆ سەر خەلافەتی ئیسلامی دەست پێكردووە كە ئەو مەسەلەیە بیانوو دەداتە دەست داعش كە پاش سەركەوتن بە سەر سوپای ڕۆم لە شەڕی "دابق"دا هێرشی خۆی بۆ كۆنترۆڵكردنی ئیستانبۆڵ بە پێی گێڕانەوەی پێغەمبەر دەست پێ بكات.
هەڵبەت بە پێچەوانەی گێڕانەوەكە، ئیستانبۆڵ هەنووكە شارێكە كە زۆربەی دانیشتوانی موسڵمانن و هەروەها توركیەش لەمێژە جێگای ڕۆمی گرتۆتەوە و وڵاتێكی ئیسلامییە.