خامنەیی لە بەرانبەر منداڵانی قوربانیدا، پاڵپشتی لە قارییە بێڕەوشتەكەی خۆی دەكات

كوردستان میدیا: سەعید تووسی، قورئانخوێنی نزیك لە خامنەیی، سەرەڕای ئاشكرابوونی دەستدرێژیی بۆ سەر لانیكەم ٥ منداڵی قورئانخوێن و بانگدەر، هێشتا لە لایەن ڕێبەری ڕێژیمەوە پاڵپشتیی لێ دەكرێت.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئامەد نیووز"، سەرەڕای ئاشكرابوونی دۆسیەی دەستدرێژیی سێكسیی "موحەممەد گەندوم نژاد تووسی" ناسراو بە "سەعید تووسی" قورئانخوێنی نزیك لە ڕێبەری كۆماری ئیسلامی بۆ سەر كۆمەڵێك منداڵی قورئانخوێن، ناوبراو بە پێی بانگهێشتی نووسینگەی ڕێبەری ڕیژیم، لە یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ لە ڕێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی خامنەیی، قورئانی خوێندۆتەوە.
ئەو كردەوەیەی نووسینگەی ڕێبەری ڕێژیم بۆتە هۆی ئاشكرابوونی زیاتری پاڵپشتیی خامنەیی لە سەعید تووسی و كردەوە نەشیاوەكانی و پاراستنی لە بەرانبەر هەر هەوڵێكی بنەماڵەی منداڵە قوربانییەكاندا بۆ بەدواداچوونی یاسایی لەمەڕ ئەو كارە بەدڕەوشتانەیەی ناوبراو.
بە گوێرەی ئەو ڕاپۆرتە، دۆسیەی سەعید تووسی كە بە تاوانی "گەندەڵیی ئەخلاقی"، "كردەوەی دژە عیفەت" و هەروەها "هەڵخەڵەتاندنی مێرمنداڵان"ی قورئانخوێن بۆ ئەنجامدانی ئەو كارە نەشیاوە لەگەڵیاندا لە ژێر ناوی فێركردنی بانگی نوێژ و خوێندنی قورئان، لە ساڵی ١٣٩١ەوە لە دادگاكانی ڕێژیمدا كراوەتەوە، سكاڵای چەندین كەسی لە سەرە، بەڵام بەهۆی دەستڕۆیشتوویی و پێوەندیی ئەو قورئانخوێنە لەگەڵ بەرپرسانی پلەبەرزی ڕێژیم و لە سەرووی هەموویانەوە خودی خامنەیی، بە شێوەیەكی سەرسوووڕهێنەر پاش تێپەڕینی ٥ ساڵ هێشتا یەكلایی نەكراوەتەوە.
بەمدواییانە دوو كەس لەو مێرمنداڵانەی كە ٥ ساڵ لەمەوپێش لە لایەن ئەو كەسەی سەر بە خامنەییەوە دەستدرێژییان كراوەتە سەر، لە وتووێژێكدا لەگەڵ تەلەڤیزیۆنی دەنگی ئەمریكا ڕایانگەیاند سەرەڕای زۆربوونی بەڵگەكان، بە بڕیاری خامنەیی ئەو دۆسیە ڕاگیراوە. ئەو دووكەسە دەڵێن لە كاتی سەفەركانیاندا بۆ خوێندنی قورئان، لە حەمامدا لە لایەن سەعید تووسییەوە كە گوایە مامۆستایان بووە، دەستدرێژیی سێكسی كراوەتە سەریان.