میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق پەرە بە تێرۆریزم دەدەن

کوردستان میدیا: میلیشیاکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە عێراق لە ڕێگای پڕۆپاگەندای ئیدئۆلۆژیکیەوە کردەوەی تێرۆریستی ئەنجام دەدەن.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، میلیشیاکانی "عصائب اهل الحق" سەر بە ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێران، له ڕێگای تایفەگەری و پڕۆپاگەندای ئیدئۆلۆژیکەوە شەڕی تێرۆر و کوشتار لە عێراق پەرە پێدەدەن.
لەو بارەیەوە قەیس ئەلخەزعەلی باسی لەوە کردووە کە؛ ڕزگار کردنی موسڵ تۆڵەسەندنەوەی خوێنی حوسێنە.
لە گرتەیەکی ویدیۆییدا، یەکێک لە ڕێبەرانی گرووپی میلیشیای شیعە بە ناوی "عصائب اهل الحق" کە سەر بە ڕێژیمی ئێران و یەکێک لە لقەکانی حەشدی شەعبیه، باس لە ڕزگار کردنی موسڵ دەکات بۆ دابینکردنی عەداڵەت.
قسەکانی ئەلخەزعەلی وەبیرهێنانەوەی قسەکانی نووری ئەلمالکی سەرۆکی هاوپەیمانییەتی دەوڵەتی یاسا لە پارلمانی ئێستا و سەرۆک وەزیرانی عێراقه لە کاتی دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی ئەرتەشی عێراق دژی میلیشیا جیهادییەکان لە پارێزگای ئەلئەنبار.
مالکی ئەوکات ساڵی ٢٠١٣ی زایینی دوای ڕاگەیاندنی خلافەتی ئیسلامیی داعش باسی لەوە کرد کە؛ ئۆپراسیۆنی ئەرتەشی عێراق وەک شەڕی یارانی حوسێن لەگەڵ یارانی یەزیده.
میلیشیا شیعەکان لەشەڕدا گوتاری تایفەگەریی بەکاردەبەن کە یەکێک لە کەرەسته بەهێزەکانی پەرەپێدانی شەڕ و ئاژاوە لە عێراق بەئەژمار دەکرێت.
لەو پێوەندییەدا، "جۆ ستوارک" سەرۆکی بەشی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە ڕێکخراوی مافی مرۆڤ، داوای لە بەرپرسانی عێراقی کردبوو کە میلیشیا لە شەڕی ڕزگار کردنی موسڵدا بەشدار نەکەن.
حەشدی شەعبی کە یەکێک لە ڕێکخراوە میلیشیاکانی عێراقە و لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت، بە ئەنجامدانی جەنایەتی جەنگی تاوانبار کراوە.
هەروەها "عصائب اهل الحق" یەکێکی دیکە لەو گرووپه میلیشیاییانەیە کە وەک باسکێکی نیزامیی ڕێژیمی ئێران لە عێڕاقدا شەڕ دەکات.
پشتیوانییەکانی ڕێژیمی ئێران لە گرووپە تێرۆریستییەکان و هەروەها دەستێوەردان له کاروباری وڵاتانی ناوچەکە، نیگەرانیی بەرپرسانی ئەو وڵاتانەی لێکەوتووەتەوە و لە دوایین دانیشتنی شۆرای هاوکاریی کەنداو بە بەشداریی تورکیه، هۆشداریان بە ڕێژیمی ئێران دا کە دەستێوەردان له کاروباری وڵاتانی ناوچەکەدا نەکات.