۱۳۹۵/۰۷/۲۷


بوئینگ و ئێیرباس لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕێک نەکەوتن

بوئینگ و ئێیرباس لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕێک نەکەوتن

کوردستان میدیا: دوو شیرکەتی بوئینگ و ئێیرباس بۆ فرۆشتنی فڕۆکە بە ڕێژیمی ئێران لەگەڵی ڕێک نەکەوتن و ئەو ڕێککەوتنە ئابوورییه هەڵوەشایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، عەباس عێراقچی، یەکێک دانوستانکارانی ناوکیی ڕێژیم باسی لەوە کرد کە؛ ئێمە لەگەڵ دوو شیرکەتی بوئینگ و ئێیرباس بۆ کڕینی فڕۆکە ڕێک نەوکەوتووین و دانوستانەکان بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتن.

دێنیس مۆیلنبۆرگ یەکێک لە بەڕێوەبەرانی پایەبەرزی شیرکەتی بوئینگ ڕایگەیاند کە؛ بەپێی ڕێککەوتنێک ئێمە ئەمساڵ هیچ فڕۆکەیەک بە ڕێژیمی ئێران نافرۆشین و ڕادەستکردنی ئەو فڕۆکانە ٣ ساڵ دەخایەنێت.

ڕێژیمی ئێران دەیهەوێ ١١٨ فڕۆکەی موسافیرهەڵگر بە بڕی ٢٧ میلیارد دۆلار لە شیرکەتی ئێیرباس بکڕێت، بەڵام لە لایەن ئامریکاوە ئیزنی فرۆشتنی پێ نەردا.

ناوگانی هەوایی ڕێژیمی ئێران زۆر کۆن و پرتووکاوە و بەرپرسانی ئەو ڕێژیمه لە هەوڵی ئەوە دان کە چارەسەری بکەن، بەڵام ئەوەش لەگەڵ کێشە و گرفتێکی زۆر بەرەوڕوویە و لە دۆخی ئابووریی ئێستای ڕێژیم‌دا چارەسەر ناکرێت.

پێشتریش عەباس ئاخوندی، وەزیری ڕێگەوبانی کۆماری ئیسلامی بە نیگەرانییەوە باسی لە دۆخی فڕۆکەخانەکانی ئێران کرد و باسی لەوە کرد کە تەنیا ٨ فڕۆکەخانەی ئێران واتە کەمتر لە ٢٠% ی ناوگانی هەوایی، چالاکییان هەیە.

هەنووکە تەمەنی پیشەی هەواپێوانی ئێران لە ٨٢ ساڵ تێپەڕیوە و بەهۆی کەمتەرخەمیی لێپرسراوانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ٤ دەیەی ڕابردوودا گەیشتۆتە خاڵی سوور و یەکێک لە بێ‌متمانەترین ناوگانەکانی جیهانە.