وەگرتنی پارەی زۆرەملی لە قوتابییانی کوردستان درێژەی هەیە

كوردستان میدیا: بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەشاری مەلەکشاهی سەر بە پارێزگای ئیلام لە بەخشنامەیەكدا داوای پارەیان لە قوتابییان كردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، سەرەڕای داهاتی كەمی هاووڵاتیانی كورد بەتایبەت لە شارە سنوورییەكانی كوردستان، بەرپرسانی قوتابخانەكانی شاری مەلەکشاهی بە قوتابیانییان گوتووە، دەبێ هەر كامیان بڕی ١٠٠هەزار تمەن پارە بە قوتابخانە بدەن.
بەرپرسانی قوتابخانەی ناوەندیی کچانەی "نبوت" لە شاری مەلەکشاهی بە قوتابییانییان گوتووە کە هەر کامیان بڕی ١٠٠ هەزار تمەن پارە بۆ قوتابخانه بێنن لە ئەگەری نەهێنانی ئەو بڕە پارەیە لە قوتابخانە دەریان دەکەن.
لەو پێوەندییەدا، لە شاری بۆکان بەرپرسانی قوتابخانەکان بۆ ناونووسیی ساڵی تازەی خوێندن، دوایان لە بنەماڵەی قوتابیان کردبوو کە دەبێ بڕی ١٠٠ هەزار تمەن پارە بە قوتابخانه بدەن.
بەشی ''ئەلف'' لە بەندی ٢ی مادەی ١٣ی جاڕنامەی جیهانیی مافی ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و پەروەردەی بێبەرانبەردا، کە ئێران ساڵی ١٣٥٤ ناوەڕۆکی ئەو جاڕنامەیەی پەسند کردووە، هاتووە: "پەروەردە و بارهێنانی سەرەتایی دەبێ ئیجباری و بە بێبەرانبەر بێت و تێکڕای کۆمەڵگا بە ئاسانی بتوانن لێی بەهرەمەند بن."
خەمساردی و دابین نەکردنی تێچووی قوتابخانە بۆ بارهێنان و پەروەردە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، بووەتە هۆی زۆر بوونی وەرگرتنی بڕی پارەی نەخت لە قوتابیان بە تایبەت لە قوتابخانەکانی کوردستان و هەروەها هاتنە خوارەوەی ئاستی حەقدەستی مامۆستایان.
هەربۆیەش چیرۆکی خوێندن و قوتابی لە وڵاتی ئێراندا، بۆتە چیرۆکی ئەو پەندە کوردییەی کە دەڵێت: "نانی خۆم و کووزەڵەی کانی...میوانی هەی میوانی".