۱۳۹۵/۰۷/۲۰


ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە مامۆستا حەسەن قزڵجی بەڕێوە دەچێت

ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە مامۆستا حەسەن قزڵجی بەڕێوە دەچێت

کوردستان میدیا: بەبۆنەی ١٠١ـه‌مین ساڵیادی لەدایک بوونی مامۆستا حەسەن قزڵجی، ڕێوڕەسمێکی ڕێزلێنان بۆ ئەم ئەدیبە ناسراوەی کورد لە ئاڵمان بەڕێوە دەچێت.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ ڕێکەوتی ٢٦ی نۆڤامبری ٢٠١٦، کۆڕێکی ڕێزلێنان لە مامۆستا حەسەن قزڵجی نووسەر و ئەدیبی ناسراوی کورد لە شاری کۆڵنی وڵاتی ئاڵمان، بە بۆنەی ١٠١ـه‌مین ساڵڕۆژی لەدایک بوونی، بەڕێوە دەچێت.

کۆمیتەی بەڕێوەبەری ڕێوڕەسمی ڕێزلێنان لە مامۆستا قزڵجی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، لەم کۆڕیادەدا بۆ یەکەم جار نوسخەی فارسیی کتێبی "پێکەنینی گەدا"ی مامۆستا قزڵجی دەخرێتە بەرچاوی خوێنەران.

هەروەها داوا کراوە بە ناردنی پەیام، وتار، بیرەوەری و ڕەخنەی ئەدەبی لەسەر بەرهەمەکانی مامۆستا، هەوڵی دەوڵەمەندتر کردنی کۆڕەکە بدرێت.

حەسەن قزڵجی لەدایک بووی ساڵی ١٢٩٢ی هەتاوی لە شاری بۆکانە؛ ناوبراو بە یەکێک لە چالاکانی حیزبی دێموکرات لە پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان دەناسرێ کە لە ڕۆژنامەی "کوردستان"دا وەک نووسەر کاری کردووە؛ ناوبراو خاوەنی کۆمەڵە چیرۆکێکی کورتی پڕبایەخە بەناوی "پێکەنینی گەدا" کە بە یەکێک لە بەرهەمە ڕێئالیستییەکانی کتێبخانەی کوردی بەئەژمار دێت.

عەلی ئەشرەف دەرویشیان نووسەری ناوداری کوردستان لە پێشەکیی کتێبی "چیرۆکە کوردییە کورتەکان"دا بەم شێوەیە باسی لە حەسەن قزڵجی کردووە: "حەسەن قزڵجی، یەکێک لە دامەزرێنەران و کەسایەتییە خاوەن ئەزموونەکان لە بواری چیرۆکی کورتی کوردییە کە لە چیرۆکی "پێکەنینی گەدا"دا بە ڕوانینێکی ساکار و ڕێئالیستییانە، بەسەرهاتی پیاوێک دەخاتە بەرچاوی خوێنەر کە تەمەنی لاویەتی و هەموو هێز و توانای خۆی دەخاتە خزمەت کەسانێک کە لەکاتی پیری و نەخۆشی‌دا بەهانایەوە نایەن و تەنانەت ئامادە نین پارووە نانێکیش بدەنە دەستی و لەکۆتاییشدا بە تەنزێکی تاڵ کۆتایی بە چیرۆکەکە دێت."

حەسەن قزڵجی لە ڕێبەندانی ساڵی ١٣٦١ بەتۆمەتی چالاکیی سیاسی دەستبەسەر کرا، و لە ڕەزبەری ساڵی ١٣٦٣ دا لە زیندانی ئێڤینی تاران کۆچی دوایی کرد.