منداڵان قوربانیانی خەمساردیی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران

کوردستان میدیا: ژیانی منداڵان لە ئێراندا لە سێبەری بێبەرپرسیارەتی و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی ئەو ڕێژیمەدا داڕماوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ڕێژیمی ئێران، دۆخی ژیانی منداڵان لەو وڵاتەدا قەیراناوییە و منداڵانی پاک و بێگەرد بوونەتە قوربانیی دەستدرێژی و کڕین و فرۆشتنیان پێ دەکرێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیی پارێزگای تاران باسی لەوە کردووە کە؛ ڕێکخراوی بێهزیستی هیچ ئیمکاناتێکی ماڵی و لۆجێستیکی پێویستی بۆ پشتیوانی لە منداڵان نیە و ئەو توێژەی کۆمەڵگا لە قەیراندا دەژین.
ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران هەروەها باسی لەوە کردووە کە؛ منداڵانی بێسەرپەرەست لە سەر شەقامەکان دەژین و بوونەتە قوربانیی دەستدرێژی.
بەپێی ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران، ٩٠ لە سەدی منداڵانی بێسەرپەرەست لە ئێراندا دەبنە قوربانیی دەستدرێژیی سێکسی.
بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بۆ ئەو قەیرانه هیچ هەنگاوێک ناگرنە بەر و تەنیا دروشم دەدەن.
لەو پێوەندییەدا ئاژانسی کوردپا ڕۆژی ڕابردوو لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە کە، ژنێک لە نەخۆشخانەیەکی پارێزگای ئەراک بە زگێک ٣ منداڵی بووە و باوکی ئەو منداڵانە بەهۆی دەستکورتی و نەبوونی پارەی نەخۆشخانەوە بڕیاری فرۆشتنی منداڵەکانی خۆی داوە، ئەو پیاوە لە سەرەتاوە بڕی ٤٠ میلیۆن تمەن نرخی لەسەر هەر یەک لەو منداڵانە دانابوو، بەڵام دواتر ئامادە بووە، هەر منداڵێکی بە ٢٠ میلیۆن تمەن بفرۆشێت.
لە یاسای پەسەند کراوی پشتیوانی لە منداڵان و مێرمنداڵان لە ساڵی ١٣٨١ی هەتاوی لە مەجلیسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێراندا، کڕین و فرۆشتن و کەڵکوەگرتن و بەکار هێنانی منداڵان بۆ کاری قاچاغ و هەر چەشنە بابەتێکی لەو جۆرە، شەش مانگ هەتا یەک ساڵ زیندان، یان سزای نەقدیی ١٠هەتا ٢٠ میلیۆن ڕیاڵ، سزا بۆ کەسی تاوانبار دیاری کراوە.