۱۳۹۵/۰۸/۰۲


گۆماوی خوێنی پاسداران شەقامەکانی نێو شاری کەرکووکی پڕ کرد

گۆماوی خوێنی پاسداران شەقامەکانی نێو شاری کەرکووکی پڕ کرد

کوردستان میدیا: یەکێک لە پاسدارە تێرۆریستەکانی ڕێژیمی ئێران کە بۆ سیخوری کردن بە ناوی تێکنێسیەنی کارەبا، هاتبووە شاری کەرکووک لە تێکەڵچوونەکانی دوێنێی ئەو شارەدا بەدەستی گرووپی خەلافەتی ئیسلامیی ناسراو بە داعش کوژرا.
بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی هەرێمی کوردستانی باشور، ڕۆژی هەینی ٣٠ڕەزبەر، موسەیب قەنبەری لەلایەن هێزەکانی داعش لە شەڕی نێو شاری کەرکووک کوژرا.

هەواڵدەریی فارس ڕایگەیاندووە ئەو بە ناو تێکنێسیەنە خەڵکی ئیسلام ئاوای ڕۆژئاوا لە پارێزگای کرماشانە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، باڵوێزی ئێران لە وتوێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی ئیسنا ڕایگەیاند: سێ کەس لە تێکنسینە ئێرانییەکان لە یەکێک لە پرۆژەکانی وزەی کارەبا لە شاری کەرکووک خەریکی کار کردن بوون کە بە هۆی هێرشی هێزەکانی داعش کوژراون.

ئەم سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: سەرەڕایی کوژرانی ئەو سێ کەسە، پێنج کەسی دیکەش کە ئێرانی بوون، بریندار بوون.

باڵوێزی ئێران لە بەغداد، ناوی کوژراو و بریندارەکانی ئاشکار نەکردو ڕایگەیاند؛ لەکاتێکی لەبارتر ناوی ئەو کەسانە ئاشکرا دەکەین.

پاش ئازاد کردنی عێراق و ڕووخاندنی ڕێژیمی پێشووی بەعس، لەلایەن هێزەکانی ئامریکا و هاوپەیمانانەوە، دەستی هێزەکانی سپای پاسداران لە ناوچەکانی عێراق بە گشتیی و ناوچە شێعەنشینەکان بە تایبەتی ئاوەڵاتر بووە؛ بەو هۆیەوە، هێزەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران لە نەبوونی حکوومەتێکی تۆکمە و بەهێز لە عێراق بەناوی ئاوەدان کردنەوە خەریکی تێکدانی دۆخی عێراق و کوردستانن.