۱۳۹۵/۰۸/۰۲


نەتەوە یەکگرتووەکان: ڕێژیمی ئەسەد ٣ جار چەکی شیمیایی لەدژی دژبەرانی خۆی بەکار هێناوە

نەتەوە یەکگرتووەکان: ڕێژیمی ئەسەد ٣ جار چەکی شیمیایی لەدژی دژبەرانی خۆی بەکار هێناوە

کوردستان میدیا: لێکۆڵینەوەکانی شۆرای ئەمنیەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەری خستووە کە ڕێژیمی ئەسەد ٣ جار بە چەکی شیمیایی هێرشی کردووەتە سەر ئەو ناوچانەی کە دژبەرانی ڕێژیمەکەی تێدا بوون.
شۆرای ئەمنیەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ئۆکتۆبر لە چوارەمین ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەکانی ڕێکخراوی قەدەغەکردنی پەرەدان بە چەکە شیمیاییەکان کە لە ژیر چاوەدێری نەتەوە یەکگرتووەکانە و ماوەی ١٣ مانگ درێژەی کێشا، ڕایگەیاندووە هێزەکانی بەشار ئەسەد لە ڕێکەوتی ١٦ی مارسی ٢٠١٥ ناوچەی "قۆمیناس" لە پارێزگای ئەدلەبیان بە گازی کوشندە کردووەتە ئامانج.
ئەم کۆمیتە کە بە تیمی "ئامرازی لێکۆڵینەوەی هاوبەش" دەناسرێ، لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاشکرای کردووە هێلیکۆپتێرە شەڕکەرەکانی ڕێژیمی سوریە ٢ شاری تەلمەنس و سەرمینیان لە پارێزگای ئەدلەب لە باکوری ڕۆژئاوای سوریە لە ئاوریلی ٢٠١٤ و لە ١٦ی مارسی ٢٠١٥ کردووەتە ئامانجی چەکە شیمیاییەکانیان.

ئاسۆشیتێدپرێسیش ڕایگەیاندووە لە ٣ شوێنی دیکەشدا لە چەند ناوچەیەکی سوریە کەڵک لە چەکی شیمیایی وەرگیراوە بەڵام کۆمیتەی لێکۆڵینەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەمبارەوە دەڵێ هێشتا بەڵگەی تەواومان لەو پێوەندییەدا نییە.

ئەم کۆمیتە ڕایگەیاندووە ئەو ٣ حاڵەتەدا بۆمبە ئاگردەرەکان لە هێلی کۆپتێرەوە فڕێ دراونەتە خوارێ و بەو هۆیەوە کە تەنیا هێزەکانی ئەسەد دەستیان بە هێلیکۆپتێر ڕادەگات کەواتە ئەوان تاوانبارن بە کەڵک وەرگرتن لە چەکە شیمیاییەکان.

یەکێک لەم هێرشانە لە ڕێکەوتی ٢٨ی ئاوریلی ٢٠١٤ لە ناوچەی "کفرزیتا" لە پارێزگای حەما ڕووی داوە.

کەڵک وەرگرتن لە گازی کوشندەی "کلۆر" وەکوو چەکێکی شیمیایی کوشندە لە ساڵی ١٩٩٧ قەدەغە ڕاگەیەندرا و ڕێژیمی سوریە لە ساڵی ٢٠١٣دا پاش هەڕەشەکانی ئامریکا ناچار بوو کۆنوانسیۆنی قەدەغەبوونی چەکە شیمیاییەکان واژۆ بکات.

پێویست بە ئاماژەیە هەڵمژینی گازی کلۆر کە هەڵگری جۆرێک ئەسیدی هیدرۆکلۆریکە، دەبێتە هۆی سووتان و لەنێوچوونی یەکجارەکی سییەکان و لە ئاکامدا دەبێتە هۆی خنکان و مردنی مرۆڤ.