۱۳۹۵/۰۸/۰۲


ئێرانی ئامریکاییەکی دیکە لە دژی کۆماری ئیسلامی سکاڵای تۆمار کرد

ئێرانی ئامریکاییەکی دیکە لە دژی کۆماری ئیسلامی سکاڵای تۆمار کرد

کوردستان میدیا: فەرزاد خۆسرەوی، یەکێک لەو چوار ئێرانی ئامریکاییەی کە لە ڕەوتی واژۆکردنی ڕێککەوتن نامەی ناوکی ئازاد کرابوو، لە دادگایەکی ئامریکادا دژی کۆماری ئیسلامی سکاڵای تۆمار کرد.
ئاسۆشیتێدپرێس لە هەواڵێکدا ئاشکرای کرد فەرزاد خۆسرەوی کە بە نۆسرەتوڵا خوسرەویش دەناسرێ، ڕۆژی دووشەممە لە دادگایەکی واشەنگتۆندا لەدژی ئێران سکاڵای تۆمار کردووە و داوای قەرەبووی ٤٠ میلیۆن دۆلاری کردووە.

بەپێی ئەم هەواڵە ناوبراو لە دادخاستەکەیدا ڕوونی کردووەتەوە ساڵی ٢٠١٢ کاتێک بۆ ئێران گەڕاوەتەوە دەست بەسەر پاسپۆڕتەکەیدا گیراوە و پاش ماوەیەک هێزە ئەمنیەتییەکانی ئێران ڕادەستیان کردووەتەوە بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥دا کاتی چوونەدەر لە وڵات دیسان دەسبەسەر کراوە و ئەشکەنجە دراوە.

پێشتریش ئەمیر حیکمەتی لە مانگی بانەمەڕدا لە دادگایەکی واشەنگتۆن و لە مانگی ڕەزبەریشدا بنەماڵەی جەیسۆن ڕەزائیان لە دادگای فیدڕاڵی ئامریکا لەدژی ڕێژیمی تاران سکاڵایان تۆمار کرد.

لەم ٢ کەیسەدا باس لەوە کراوە کە بەرپرسانی زیندانەکانی ڕێژیم ئەوانیان داوەتە بەر لێدان و ئەشکەنجەیان داون.

ئەم کەسانە لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمی ئیسلامی تارانەوە تۆمەتی سیخوڕی کردن بۆ ئامریکا و ئیسڕائیلیان درابووە پاڵ بەڵام دواتر لە ڕەوتی واژۆکردنی ڕێککەوتن نامەی ناوکی ناسراو بە بەرجام لەبری وەرگرتنی پارە ئازاد کران.