۱۳۹۵/۰۷/۱۴


بەرپرسی پزیشکانی سووریە و ئامریکا: زیاتر لە ٧٥٠ پزیشک لە سووریەدا کوژراون

بەرپرسی پزیشکانی سووریە و ئامریکا: زیاتر لە ٧٥٠ پزیشک لە سووریەدا کوژراون

کوردستان میدیا: لە دەستپێکی شەڕی سووریە هەتاکوو ئێستا ٧٥٠ پزیشک و پەرستار کوژراون.
بەرپرسی پێشووی ئەنجوومەنی پزیشکیی سووریە و ئامریکا لە وتوێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی "CNN" ڕایگەیاند: زیاتر لە ٧٥٠ پزیشک و پەرستار لە شەڕی سووریەدا لە لایەن هێزەکانی بەشار ئەسەد و ڕوسیە کوژراون.

"زەهرا سهلول" لە درێژەی ئەو وتوێژەدا دەڵێ، یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری حەلەب، کە تەنیا ناوەندی خەسارناسی بووە، بە هۆی پارێزراوبوونی لەژێر زەوی دایە و من ماوەی چوار ساڵ لەوێدا بووم، تەنیا ئەو بریندارانەی کە من چارەسەرم دەکرد برینداربووەکانی بۆمبی بۆشکەیی بوون.

ئەو بەرپرسە بێهداشتیە ئەوەشی خستەڕوو؛ یەکێک لەو برینداربووانە منداڵێکی تەمەن ٥ ساڵان بە ناوی "ئەحمەد بوو" بووە کە بە هۆی بەرکەوتنی تەرکەشی بۆمبی بۆشکەیی تووشی پچڕانی دەماری پشت هاتبوو.

بە وتەی دوکتور زەهرا، ئەو نەخۆشخانەیە لە ماوەی دوو حەتووی ڕابردوودا هەشت کەرەت بۆردوومان کراوە.

بەرپرسی پێشووی پزیشکیی سووریە و ئامریکا دەڵێت، لەو باوەڕە داین کە ئێمە داکۆکیکارانی کۆنوانسیۆنی ژنێفین و ١٥٠ ساڵ لەوەپێش کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بڕیاریان داوە تەنانەت لە کاتی شەڕدا پزیشکان و نەخۆشخانەکان مافی چارەسەرکردنی بریندارەکانیان هەبێت و بۆردوومان نەکرێن.

ناوبراوە لە درێژەدا ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی ئاماری پزیشکانی مافی مرۆڤ ٢٦٣ نەخۆشخانە کە زۆربەیان لە لایەن هێزەکانی بەشار ئەسەد و هەروەها لەم دوایانەدا لە لە لایەن هێزەکانی ڕووسیە کراونەتە ئامانجی بۆردوومان و زیاتر لە ٧٥٠ پزیشک و پەرستار کوژراون.