شاری خۆی ناسناوی ئێسرائیلی پێ بەخشرا

کوردستان میدیا: بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کە بۆ بێبایەخ پیشاندان و ناوزڕاندنی هەر بابەتێکی نابەدڵیان وشەی ئیسرائیل بەکار دێنن، ئەمجارەیان ئەو وشەیان بۆ شاری کوردنشینی خۆی بە کار هێنا.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هاووڵاتییانی گوندی "گۆلان"ـی سەر بە شاری سەڵماس کە لە ترس ڕۆچوونی زەوی لە شوێنێکی دیکە خانووبەرەیان بینا کردووە بەرپرسانی ڕێژیم بە گریدێر و لۆدێر ویستوویانە کە ئەو خانووبەرانە تێک بدەن، بەڵام لەگەڵ دژکردەوەی توندی دانیشتوانی گوندەکە بەروڕوو دەبنەوە.
هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو باریەوە ڕایگەیاند کە ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتی ١٣ی ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی، لە شاری ورمێ هەیئەتێکی ڕێژیمی ئێران بە کەرەستەی وەک لودێر و گریدێر ویستویانە خانووبەرەی ئەو هاووڵاتییە کوردانە تێک بدەن.
ئەو هەوڵە نامرۆڤانەیەی ڕێژیم لەگەڵ دژکردەوەی توندی دانیشتوانی گوندەکە بەرەوڕوو بووەتەوە.
دانیشتوانی گوندی گۆلان ڕایانگەیاندووە کە ماوەی چەندین ساڵە خەڵکی ئەو گوندە لە ترس ڕۆچوونی زەوەی بۆ شارەکانی وەک نەغەدە، سەڵماس و ورمێ کۆچ دەکەن و لەو پێوەندییەدا داوایان کردبوو کە شارەکێکی نوێ لە نزیک شاری خۆی بۆیان دروست بکەن، بەڵام حوسین سیوانیئەسل فەرمانداری شاری خۆی لە وڵامی ئەو داواکارییەی هاووڵاتییانی ئەو گوندە ڕاشکاوانە ڕاگەیاندبوو کە ئێمە ئیسرائیلی دووهەم دروست ناکەین و شاری خۆی وەک ورمێ لەناو نابەین.
دابینکردنی مەسەکەن بۆ هاووڵاتییان ئەرکی سەر شانی هەر حکوومەتێکە بەڵام بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دژ بە ژیانی هاووڵاتییانن و خانووبەرەی هاووڵاتییان خرا دەکەن.
هەروەها ئەو کردەوە دزێوەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە کاتێک دایە کە دانیشتوانی شاری خۆی وەک کورد، ئازەری و کەمینەی وەک ئەرمەنی و مەسیحی ساڵانێکە بە ئاشتی و تەبایی پێکەوە ژیان دەکەن بەڵام بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کە خۆیان باس لە پێکەوە ژیان دەکەن دووبەرەکی و ئاژاوە دەنێنەوە.
گوندی گۆلان ٨٠ بنەماڵەیە و ٣٣٥ کەس حەشیمەتی هەیە کە لە شاری سەڵماس هەڵکەوتووە.