۱۳۹۵/۰۷/۱۴


لێدوانەكانی وەزیرێكی ئاڵمانی، سەرۆكی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی تووڕە كرد

لێدوانەكانی وەزیرێكی ئاڵمانی، سەرۆكی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی تووڕە كرد

كوردستان میدیا: ئامولی لاریجانی، سەرۆكی دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی ئێران وێڕای ڕەخنەگرتنی توند لە لێدوانەكانی ئەم دواییانەی وەزیری ئابووریی ئاڵمان لەمەڕ پێویستیی بە فەرمی ناسینی ئیسراییل و هێنانە بەرباسی پرسی مافی مرۆڤ لە ئێراندا ڕایگەیاند: "ئەگەر من لە جیاتی حكوومەت و وەزیری كاروباری دەرەوە بوایەم، بە دڵنیاییەوە ڕێگەم نەدەدا وەها كەسێك بێتە وڵاتەكەمان".
بە گوێرەی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی حكوومەتی ئیرنا، ئامولیی لاریجانی كە دیار بوو لێدوانەكانی وەزیری ئابووریی ئاڵمان لەمەڕ بە فەرمی ناسینی ئیسراییل زۆر تووڕەی كردووە، ڕایگەیاند: "وادیارە ئەو كابرایە لە خەونێكی قووڵدایە و نازانێت كە ئێران سی و چەند ساڵە بۆ پێشگرتن بەو داخوازییە، گوشاری زۆری بە هۆی بیروباوەڕەكانییەوە كەوتۆتە سەر".

ئامولیی لاریجانی بۆ داكۆكی لە بارودۆخی نالەباری مافی مرۆڤ لە ئێرانیشدا وتی: " كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامی ڕێگە بە كەسانی وەك وەزیری ئابووریی ئاڵمان نادەن كە لە كاروباری نێوخۆییاندا دەستێوەردان بكەن و منیش داوا لە حكوومەت و وەزیری دەرەوەی خۆمان دەكەم ڕێگە نەدەن ئەو جۆرە كەسانە بێنە وڵاتەكەمان".

زیگمار گابریەل، جێگری ڕاوێژكاری باڵای ئاڵمان و وەزیری ئابووریی ئەو وڵاتە ڕۆژی یەكشەممە ٢ی ئۆكتۆبر لەگەڵ نوێنەرانی زیاتر لە ١٠٠ كۆمپانیای ئاڵمانی گەیشتە تاران.

وەزیری ئابووریی ئاڵمان پێشتر باسی لە نیگەرانییەكانی ئاڵمان لەمەڕ ڕۆڵی تاران لە شەڕی سووریە و كارنامەی ڕێژیمی ئێران لە بواری مافی مرۆڤدا كردبوو و جەختی كردبووەوە كە بەرپرسانی كۆماری ئیسلامی لە هەڵوێستی وڵاتەكەی لەو پێوەندییەدا ئاگادار دەكاتەوە. ناوبراو گوتبووی: "ئێران تەنیا كاتێك دەتوانێ پێوەندیی ئاسایی و دۆستانەی لەگەڵ ئاڵمان هەبێ كە ئیسراییلی بە فەرمی ناسیبێت".