هەژاری وا لە باوکێک دەکات سێ منداڵی خۆی بفرۆشێت

کوردستان میدیا: پاش لەدایکبوونی سێ منداڵ بەزگێک لە بنەماڵەیەکی دەستکورت لە پارێزگای ئەراکدا، ئەو بنەماڵەیە بە هۆی نەبوونی پارەی نەخۆشخانە، کۆرپەکانیان فرۆشت.
بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، ژنێک لە نەخۆشخانەیەکی پارێزگای ئەراک بە زگێک ٣ منداڵی بووە، باوکی ئەو منداڵانە بەهۆی دەستکورتی و نەبوونی پارەی نەخۆشخانەوە بڕیاری فرۆشتنی منداڵەکانی خۆی داوە، ئەو پیاوە لە سەرەتاوە بڕی ٤٠ میلیۆن تمەن نرخی لەسەر هەرکام لە منداڵەکانی دانابوو، بەڵام دواتر هەر منداڵێکی خۆی بە ٢٠ میلیۆن تمەن فرۆشت.
ڕۆژنامەی "آرمان امروز" وێڕای پشت ڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە لە زاری کورش محەممەدی بەرپرسی ئەنجومەنی خەسارە کۆمەڵایەتییەکانی ئێرانەوە بڵاوی کردەوە: ساتوسەودا کردن بە منداڵەوە یەکێک لەو حاڵەتانەیە کە پێگەی مڕۆڤایەتی لە کۆمەڵگادا دادەبەزێنێت.
بەباوەڕی کارناسانی ئەم بیاڤە گرینگترین هۆکارەکانی سەرهەڵدانی دیاردەگەلی لەم چەشنە بریتین لە: هەژاری و دەستکورتی، بێکاری، گرانی، پەرەسەندنی لەشفرۆشی،خەمساردیی بەرپرسانی پێوەندیدار، نەبوونی یاسایەکی گونجاو بۆ بەرەنگاربوونەوەی وەها دیاردەگەلێک، هەژاریی فەرهەنگی و تووش بوون بە ماددە سڕکەرەکان.
لە ساڵانی ڕابردوودا و لە ژێر حاکمیەتی حکومەتی ئیسلامیی ئێراندا، ئەم چەشنە دیاردە و خەسارە کۆمەڵایەتییانە بەردەوام زیادیان کردووە، کە هیچ کات لەلایەن دام و دەزگا حکومەتییەکانەوە گرینگی پێنەدراوە و ڕێژیم لەباتی چارەسەرکردنی ئەم کێشانە بە پارە و سامانی ئێران، هەوڵی پوشتە و پەرداخ کردنی تاقمە تێرۆریستییەکانی ناوچە و دەوڵەتە هاوپەیمانەکانی دەدات.