۱۳۹۵/۰۷/۰۴


مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا ٢ بڕیارنامەی نوێیان لە دژی ڕێژیمی ئێران پەسند کرد

مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا ٢ بڕیارنامەی نوێیان لە دژی ڕێژیمی ئێران پەسند کرد

کوردستان میدیا: سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمی ئێران و هەروەها دانی پارەی نەخد بە کۆماری ئیسلامی لەلایەن واشەنگتۆنەوە، مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا ٢ بڕیارنامەی نوێی دەرکرد.
ماڵپەڕی فەرمی کاروباری دەرەوەی مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکا ئاشکرای کرد کە لە دوایین دانیشتنیاندا دەنگی ئەرێنییان بە گەڵاڵەی پێشنیاری کۆماریخوازەکان لە پێوەندی لەگەڵ مەحکوم کردنی پیشێلکاری مافەکانی مرۆڤ بەتایبەت بۆ سەر بەهاییەکانی ئێران داوە.

ئەم گەڵاڵە کە لەلایەن "ئێلینارز لێهیتنێن" پێشنیار کرابوو باس لە مەحکوم کردنی نادادپەروەرییەکان بەرامبەر بە کەمینە مەزهەبییەکان بەتایبەت بەهاییەکان لە ئێرانتی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەکات.

لەمبارەوە سەرۆکی کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی مەجلیس وتوویەتی: من شانازی بەوە دەکەم کە بۆ پەسەند کردنی ئەم بڕیارنامە هاودەنگم لەگەڵ هاوکارەکانم و ئەمە پەیامێکی ڕوونە بۆ پشتیوانی ئێمە لە هەموو ئەو ئێرانییانەی کە خوازیاری ئازادی و دێموکراسین.

لەلایەکی دیکەشەوە مەجلیسی نوێنەران شەوی پێنج شەممەی حەوتووی ڕابردوو بریارنامەیەکی پەسند کرد کە تێیدا هاتووە دەوڵەتی ئامریکا ئیزنی دانی پارەی نەخد بە کۆماری ئیسلامی ئێرانی نییە چوونکە هیچ قازانجێک بە ئێمە ناگەیێنێت.

ئەم بڕیارنامە پاش ئەوە هاتە ئاراوە کە دەوڵەتی ئۆباما لە پاش ڕێککەوتنی ناوکی بڕی ٤٠٠ میلیۆن دۆلار پارەی نەخدی ڕادەستی ڕێژیمی تاران کرد تاکوو لە بەرامبەردا ٤ زیندانی ئامریکایی ئازاد بکرێن.

ئەم بڕیارنامە بە ٢٥٤ دەنگی ئەرێنی لەبەرامبەر ١٦٣ دەنگی نەرێنی پەسند کرا.